کونسوڵی ئەمریکا داوای گونجاندنی مەودای ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی دەکات

كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبووەوە و جەختیان لە دروستکردنی مەودای گونجاو و ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی کرد لە هەرێمی کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبووەوە و سەبارەت بە دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ڕۆژنامەنووسان گفتوگۆیان کرد.

 

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی كیم سترۆڵۆ، بەڕێوەبەری بەشی كاروباری گشتیی كونسوڵخانە و تۆماس ستۆفەر لە نووسینگەی هەماهەنگیی ئاسایش لە كونسوڵخانە لەگەڵ لیوا عوسمان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی لە وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، "ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریکا پشتیوانی لە ژینگەیەك دەكات، كە تیایدا ڕۆژنامەوانان بتوانن ئازادانە كاری خۆیان بكەن و بێ ترس بن لە هەڕەشە و جیاكاری و هەراسانكردن".

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، "هەر لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانی لە جێبەجێكردنی تەواوی هەردوو یاسای كاری ڕۆژنامەنووسی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی كوردستان دەكەین.

 

جێگای ئاماژەیە، سەرەڕای ئاگاداركردنەوەی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەمریكا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە بەرتەسككردنەوەی كاری ڕۆژنامەنووسی و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسان، بەڵام حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بێ گوێدانە ئەو ئاگادارییانە ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەكات، وەك سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز، كە لە كاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ باشوورى کوردستان ڕفێندرا.