کۆنفرانسی دووەمی ماڵی ژنان جەخت لەسەر ڕۆڵی ژنان لە خێزانێکی دیموکراتیکدا دەکات

کارەکانی دووەمین کۆنفرانسی ماڵی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی هات، کە جەخت لەسەر ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژی و بنیادنانی خێزانێکی دیموکراتیک کرا.

حەسەکە

 

بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و پەرەپێدانیان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک، پاراستنی ژنان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، تیشک خستنە سەر کێشەکانیان و دۆزینەوەی چارەسەری دادپەروەرانە بۆیان و هەڵسەنگاندنی کارەکانی ٧ ساڵی ڕابردووی ماڵی ژن، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووەمین کۆنفرانسی ماڵی ژن بەسترا.

 

بە دروشمی "بە گەرەنتیکردنی شۆڕشی ژنانی ئازاد، پەرە بە خێزانێکی دیموکراتیک دەدەین"، ٢ی ئاب، دووەمین کۆنفرانسی ماڵی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بەشداری ٣٠٠ نوێنەری ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان بەڕێوەچوو، ڕیما مەحمود، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار ڕایگەیاند، زیاتر لە ٦ ساڵ بەسەر یەکەمین کۆنفرانسی ماڵی ژنان تێدەپەڕێت، ماڵی ژنان کە لیژنەکانی ئاشتەوایی و ئەنجومەنی داد لەخۆدەگرێت، ئامانجی بنیادنانی خێزانی دیموکراتیکە و بەپێی یاسا تایبەتەکان یەکسانی لە نێوان ڕەگەزەکاندا دەچەسپێنێت، ئێمە لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسە هەوڵ دەدەین یاساگەلێک دابڕێژین کە خزمەت بە هەموو ژنانی جیهان بکات، نەک تەنها لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەمین کۆنفرانسی ماڵی ژنان، کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە شارۆچکەی ڕمێلانی سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ بەڕێوەچوو، ژنانی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، کە پێش داگیرکردنی ئەو ناوچانە بوو لە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بەشداریان تێدا کرد.

 

"ماڵی ژن پەناگەیە بۆ ژنانی لێدراو"

سوعاد خەڵەف، کارگێڕی ماڵی ژنان لە شارۆچکەی عەریشەی سەر بە کانتۆنی حەسەکە ڕایگەیاند، "بانگهێشتکردنی کۆنفرانسی دووەم سەرکەوتنێکە بۆ ئێمەی ژنان کە بەدەست هەموو جۆرە نادادپەروەریەکەوە بەهۆی یاسا بەسەرچووەکانی خێڵەکی و کۆمەڵایەتیدا دەناڵێنین، ئێمە لە کۆمەڵگەکانماندا پەراوێز خرابووین، بۆیە ماڵی ژنان کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە شارۆچکەی عەریشە کرایەوە، پەناگەیەک بۆ هەموو ژنانی لێدراو، بەستی ئەم کۆنفرانسە دەگەڕێتەوە بۆ هزر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە داوای ڕزگارکردنی ژنانی لە ستەم و سنووردارکردنی کۆمەڵگە کرد، هیوادارم بگەینە هەموو ئەو ژنانەی، کە هێشتا تووشی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

 

شەهرەزاد جاسم، وەک ئەندامی ڕێکخەری ژنانی کۆمەڵەی ژنانی زنۆبیا، وتی: دوای ڕزگارکردنی ناوچەکانمان لە گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی کە هەموو جۆرە نادادپەروەری و توندوتیژییەکی بەرامبەر ژنان و کچان پراکتیزە دەکرد و مافەکانیانی زەوت کرد، ژنان ڕۆڵێکی کارایان گێڕا لە هەموو بوارەکاندا، ماڵی ژنانیش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کار لەسەر داڕشتنی پلان و بەرنامەی نوێ دەکات، بۆ خزمەتکردنی ژنان و پەروەردەکردنیان و داوای مافە ڕەواکانیان، هەروەها ئەم کۆنفرانسە ڕێگەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مافەکانی ژنان و کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان کردەوە.

 

دەرئەنجام و ئەو بڕیارانەی لە میانی کۆنفرانسەکەدا دراون لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕادەگەیەنرێن کە ئەمڕۆ، ٣ی ئاب، بڵاو دەکرێتەوە.

 

جێی ئاماژەیە، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٣٠ ماڵی ژنان لەخۆدەگرێت، کە ٢١ ماڵیان لە ناوچەی جەزیرە و ٨ ماڵیان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دان.