لە بناری قەندیل کۆمەڵکوژی پاریس شەرمەزار کرا
لە گوندی ئالیە ڕەش، ڕژاک بە سیمینارێک کۆمەڵکوژی پاریس شەرمەزار کرد و داوای لە ژنان کرد هەڵویستی خۆیان بخەنەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لە گوندی ئالیە ڕەش لە بناری قەندیل بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، سیمینارێک بە بۆنەی ٩ی کانوونی دووەم، کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس، کە هەریەک لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆر کران، پێشکەشکرا.
سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، نەسرین ئەحمەد، ئەندامی ڕژاک سیمینارەکەی پێشکەشکرد و باسی لە هەردوو کۆمەڵکوژی پاریس، ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠٢٢ کرد، کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە کۆمەڵکوژییەکان شکاندنی ئیرادەی ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگ بوو.
نەسرین ئەحمەد باسی لەوەشکرد، فەرەنسا بە وڵاتی ئاشتی و ئازادی ناسراوە، بەڵام دوو کۆمەڵکوژی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیادا ئەنجامدرا و ژنانی پێشەنگ کرانە ئامانج، وتیشی: دەبێت لێپرسینەوە لە فەرەنسا بکرێت، چونکە دوو کۆمەڵکوژی و تیرۆر کردنی ٦ کەس لەو وڵاتەدا واتای دیکە هەڵدەگرێت.