ڕژاک: پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم نابێتە ڕێگر لەبەردەم خواستی ئازادی ژنان

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و ژنانی کەرکوک لە ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ٩ی تشرینی یەکەم ڕایانگەیاند، "پیلانگێڕی نێودەوڵەتی نەک تەنها لەسەر ڕێبەر ئاپۆ، بەڵکو تا ئێستا لەسەر تەواوی ژنان بەردەوامە".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژنانی کەرکوک، لە ٩ی تشرینی یەکەم، ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتى دژی رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی نووسراویان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "پێویستە ژنان خۆیان بەڕێکخستن بکەن لەسەر هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان و تێبکۆشن لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاک و ژنانی کەرکوکدا هاتووە، "نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر زیاتر لە ٣٠ وڵات لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا دژی گەلی کورد و ڕێبەرەکەی، بڕیاری دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆیان دا، بەشێوەیەک دوور لە تەواوی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، ئەم کارە دوژمنکارییە بۆ لێدان بوو لە بزووتنەوی ئازادیخوازی گەلی کورد، چونکە وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی هەرێمی بوونی بزووتنەوی ئازادیخواز بە مەترسی دەبینن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، جێگای خۆشحاڵییە کە پیلانی دوژمنان شکستی هێنا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بزووتنەوی ئازادیخوازی پەکەکە فروانتر و بەهێزتر بوو".

 

ژنان جەختیان کردەوە، ٢٥هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی ٩ی تشرینی یەکەم سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەن، "ئێمە وەکو ژنانی کەرکوک بۆ خۆڕێکخستنەوەی ژنان پێویستە خۆمان لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕێکخستن بکەین، هەروەکو ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت 'شۆرشی باشوور شۆرشی ژنە'، ئێمەش پێویستە لەسەر ئەم وتەیە تێبکۆشین و خەبات بکەین لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ".

 

باس لەوەشکراوە، دوژمنانی زلهێز بە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەم پیان وابوو ڕێبەر ئاپۆ لە ئێمە دووردەخەنەوە، بەڵام هیچ هێزێک ناتوانێت هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئێمە دوور بکاتەوە، بە تایبەتی ئێمە وەکو ژنانی باشووری کوردستان بە پێویستی دەزانین هێزی پیلانگێڕان بە چالاکی و تێکۆشانی خۆمان ناچار بکەین، وەکو وەڵامدانەوەیەک پێیان دەڵێین ئێوە بە یاساکانی خۆتان ناتوانن ڕێگر بن لە ویستی ئازادی و هۆشیاری ژنان.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی ٩ی تشرینی یەکەمدا، کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی نامرۆڤانە ڕفێندرا، ئەو پیلانگێڕییە تەنها لێدان نەبوو لە گەلی کورد، بەڵکو ئامانجی لێدان بوو لە پرۆسەی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی پرۆسەی بە دیموکراسیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەکبخەن، هەروها دەوڵەتانی زلهێز و هەرێمی ویستیان کەیسی کورد لەناوبەرن، کە لە ڕێبەر ئاپۆ و ڕێبازەکەیدا چڕ بووەتەوە".

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ژنانی کەرکوک دەڵێن: "وەکو لای هەمووان ڕوونە، سەرچاوەی ئەو ئاڵۆزی و شەڕەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات عەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوەیە، چارەسەریش بۆ ئاڵۆزی و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆڕێکخستنە لە چوارچێوەی هێڵی سێیەم کە هێڵی نەتەوەیی دیموکراتیکە، ئێمەش وەکو ژنانی کەرکوک داواکارین گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ لاببرێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری دۆزی گەلانی ناوچەکەیە بە گشتی و دۆزی ژنانە بە تایبەتی، دوای ٢٥ ساڵ لە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ پیلانی داگیرکەر سەرکەوتوو نەبوو، بە هێزی ژنانی شۆڕشگێڕ ڕێبەری خۆمان ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین".