لە عێراق ٤٤٦ كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەستگیركراون و سزا دەدرێن

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤٤٦ كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و فرۆشتنی ئەندامەكانی لەش و دەرۆزەکردن دەستگیر كراون.

ناوەندی هەواڵ

 

عەمید حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی ئاماری دەستگیركردنی ئەو كەسانەی بازرگانیی بە لەشی مرۆڤەوە دەكەن، ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤٤٦ كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و فرۆشتنی ئەندامەكانی لەش و دەرۆزەکردن دەستگیركراون.

 

"دەرۆزەکردن جۆرێکە لە بازرگانی بە مرۆڤەوە منداڵ و ژنیان تێدایە"

ئاماژەی بەوەشكرد، لەم دواییانەدا دیاردەی دەرۆزەکردن سەری هەڵداوە، ئەمەش جۆرێكە لە بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، كە تیایدا منداڵی بچووك، ژنان، بەساڵاچووان، كەمئەندامان بەكاردەهێنرێن، كەسانێك هەن شارەزاییان لەم كارەدا هەیە، باندێكی ڕێكخراو پێكدەهێنن، ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و خاوەن پیداویستی تایبەت دەنێرنە سەر شەقام و ڕێگا گشتییەكان بە مەبەستی كۆكردنەوەی پارە.

 

ئەو بەڕێوەبەرە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاشیگەیاندووە، ئەو باندانە كاری دەرۆزەکردن بەو كەسانە دەكەن، لە بەرامبەر دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن، جلوبەرگ و شتێكی بچووك بۆیان، ئەمە دەكەوێتە چوارچێوەی تاوانەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.

 

ڕوونیکردووەتەوە کە سزای بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە بەپێی یاسای ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢ دیاریكراوە، زیندانیكردنە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، لەگەڵ سزای هەتاهەتایی، هەروەها هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپانە و دەستگیركردنی تۆمەتباران.