مەلالە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێران: ئێوە بە ئازایەتی خۆتان جیهان دەگۆڕن

مەلالە یوسفزای، چالاکوانی پاکستانی، پشتیوانی لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات، دەشڵێت: "ئێوە بە ئازایەتی خۆیان جیهان دەگۆڕن".

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی کاردانەوەکان دژی کوشتنی ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ کە بەدەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران بە بیانووی باش نەکردنی حیجاب ئەشکەنجەدرا و پاشان گیانی لەدەستدا، مەلالە یوسفزای، چالاکوانی پاکستانیی، پشتیوانیی خۆی بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تویتەرەوە ئاڕاستەی ژنە خۆپێشاندەرەکان کرد و نووسیویەتی: "بۆ ئەو ژنە گەنجانەی ئێران کە لە شەقامەکاندان بۆ داواکردنی ئازادی و سەلامەتی: ئێوە بە ئازایەتی خۆتان جیهان دەگۆڕن".

 

مەلالە بە گرنگی دەزانێت کە خۆپیشاندانەکان و هەڵوێستەکان بەردەوامیان هەبێت و ئەوەشی نووسیوە: "بۆ هەمووان: چیرۆکەکانیان هاوبەش بکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن ئەم بزووتنەوەیە بە زیندوویی بهێڵنەوە".

 

لە کۆتایی پشتگیرییەکەیدا نووسیویەتی: "ژن، ژیان، ئازادی".