"جانتاى کەرامەت"... هاوخەمییەکی ژنانە دەگاتە قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەکانی جیجل و بجایە
دەستپێشخەریی "جانتاى کەرامەت" ئامانجی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژنان و کچانی زیانلێکەوتووی ئاگرکەوتنەوەکانە، بە شێوازێک کە ڕێز لە پاراستنی تایبەتمەندی و کەرامەتیان بگرێت.
جەزائیر
دەستپێشخەریی "پێکەوە بەرەو بەیانییەکی باشتر"، تۆڕی وەسیلە (AVIFE) و ڕۆژنامەی ژنانی جەزائیر (Le JFA)، دەستپێشخەرییەکی هاوخەمیی ژنانەیان بە ناو و نیشانی "جانتاى کەرامەت" ڕاگەیاند بۆ هاوکاریکردنی ئەو ژن و کچەی زیانیان بەرکەوتووە لە ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ناوچەیەکی پارێزگای جیجل، بەرلەوەی هەڵمەتەکە فراوانتر بێت و پارێزگای بجایەش بگرێتەوە.
فەرەح لینا شەبۆب، لە دەستپێشخەریی "پێکەوە بەرەو بەیانییەکی باشتر"، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند: بیرۆکەی "جانتاى کەرامەت" لە هەوڵێکەوە دەستی پێکرد بۆ تێگەیشتن لە ڕەوشی مەیدانیی ژنان لەو ناوچەیانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. دوای شووکی سەرەتایی دیمەنەکانی ئاگرکەوتنەوەکە، پەیوەندیی بە خەڵکی پارێزگای جیجلەوە کردووە بۆ زانینی پێداویستییەکانی دانیشتووان، لەوێوە بۆی دەرکەوتووە کە ژنان و کچان جگه لە پێداویستییە گشتییەکان، ئاستەنگییان هەیە لە داواکردنی هەندێک پێداویستیی تایبەت بە پاکوخاوێنیی کەسی.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە تایبەتمەندیی هەندێک لە ناوچە پارێزگارکارەکان وایکردبوو بەشێک لە ژنان هەست بە شەرمنیی بکەن لە کاتی داواکردنی ئەم کەلوپەلانەدا، ئەمەش وای لێکردووە بەدوای ڕێگەیەکدا بگەڕێت کە وەڵامدەرەوەی ئەو پێداویستییانە بێت بێ ئەوەی تووشی شەرمەزارییان بکات یان تایبەتمەندییان ئاشکرا بکات. لەمەوە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامەی ژنانی جەزائیر کرا و ڕێککەوتن لەسەر ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەک بە ناوی "جانتاى کەرامەت"، کە کەلوپەلی تایبەت بە ژنان و کچانی تێدایە.
دوای ڕێککەوتن لەسەر دەستپێشخەرییەکە، پرۆسەی پەیوەندیکردن بە براندە بازرگانییەکان و دامەزراوە تایبەتەکانەوە دەستی پێکرد کە جلی ژێرەوەی ژنانە و بەرهەمەکانی پاکوخاوێنیی تایبەت بە ژنان دابین دەکەن. بە وتەی فەرەح شەبۆب، وەڵامدانەوەکە خێرا بوو، پاشانیش بازنەی بەشداربووان و بەخشەران فراوانتر بوو.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی وەسیلە داواکارییەکی فەرمیی ئاڕاستەی دامەزراوە و کۆمپانیاکان کرد بۆ بەشداریکردن لە دەستپێشخەرییەکەدا، لە کاتێکدا ڕۆژنامەی ژنانی جەزائیر ئەرکی لۆجستی و ئامادەکاریی پرۆسەکەی گرتە ئەستۆ، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشداربووە جیاوازەکاندا.
"هەوڵێکی کۆمەڵایەتیی ژنانە"
پرۆسەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بە خێرایی گۆڕا بۆ هەوڵێکی کۆمەڵایەتیی ژنانە کە چالاکوانان و خۆبەخشانی ناوچە جیاوازەکان تێیدا بەشدار بون؛ بە جۆرێک دەیان لەوانی بۆ چەندین کاتژمێر کاریان کرد لەسەر جیاکردنەوە، ڕێکخستن و ئامادەکردنی هاوکارییەکان بەرلە گواستنەوە و گەیاندنیان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
بەشدارییەکان تەنها لەسەر ئاستی تاکەکان نەمایەوە، بەڵکو دامەزراوە ئابوورییەکانیش پشتگیرییان لە هەڵمەتەکە کرد لە لایەنی گواستنەوەی هاوکارییەکاندا، ئەوەش توانای دەستپێشخەرییەکەی بەهێزتر کرد لە کۆکردنەوە، ئامادەکردن و گەیاندنی بەخشینەکان.
دوێنێ سێشەممە، یەکەمین کاروانی هاوخەمیی ژنان بەرەو پارێزگای جیجل بەڕێ کەوت، بە داڕشتنی بەرنامە بۆ چەند وەستگەیەک لە ناوچەکانی عەفات و گوندەکانی نزیک لە ئەلتاهیر لە مانگی ئەیلوولدا، بە مەبەستی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، لەوانەش گوند و ناوچە شاخاوییەکان کە ڕەنگە گەیشتن پێیان زەحمەتتر بێت.
سەرپەرشتیارانی دەستپێشخەرییەکە جەخت دەکەنەوە کە هاوخەمی نابیێت لە وەڵامدانەوەی سەرەتایی کارەساتەکەدا بوەستێت، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی قۆناغی نوێی خوێندن، لە کاتێکدا خێزانەکان ماڵ، موڵک و سەرچاوەی بژێوییان لەدەستداوە و بەشێک لە منداڵانیش ئەندامانی خێزانەکانیانی لەدەستداوە.
لەبەر ئەمەش، بانگەوازی هاوخەمی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و دەرمانیش دەگرێتەوە، لەگەڵ پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەدا، بە بەردەوامی لە وەرگرتنی هاوکارییەکان و ئاڕاستەکردنیان لە ڕێگەی خاڵی پەیوەندیی جێبەجێی بڕواپێکراوەوە لە گوند و ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا.
هاوخەمیی ڕاستەقینە پێویستی بە خۆپشاندان نییە
"جانتاى کەرامەت" لە پاڵ هاوکاریی مادییدا، پرسێکی بنەڕەتی دەخاتە ناوەندی دەستپێشخەرییەکەوە: ڕێزگرتن لە کەرامەت و تایبەتمەندیی قوربانییان. بۆ سەرپەرشتیاران، ناکرێت ئازاری ژنان و کچان بێتە بابەتێک بۆ وێنەگرتن یان خۆپشاندان؛ ئەو هاوکارییەی کە وێنەی قوربانییەکە دەردەخات یان بەستێنی تایبەتمەندیی دەبەزێنێت یان ئازارەکانی بەکار دەهێنێت بۆ دروستکردنی وێنەیەک بۆ بەخشەرەکە، بەشێکی بنەڕەتی لە مانای مرۆیی خۆی لەدەست دەدات.
لەم سۆنگەیەوە، دەستپێشخەرییەکە کار دەکات بۆ هاوکاریکردنی ژنان بێ ئەوەی تووشی شەرمەزارییان بکات، بێ وێنەگرتنیان و بێ ئاشکراکردنی تایبەتمەندییەکانیان؛ ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی کە هاوخەمیی ڕاستەقینە پێویستی بە نماییشکردن نییە، و کەرامەتی وەرگرانی هاوکاری دەبێت لە پێشەنگی هەر کارێکی هاوخەمیدا بێت.
فەرەح شەبۆب ڕۆحی دەستپێشخەرییەکە کورت دەکاتەوە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کارەکە تەنها کۆکردنەوەی هاوکاری نەبووە، بەڵکو ئەزموونێکی کۆمەڵایەتیی ژنانە بووە کە تێکۆشەران، خۆبەخشان و بەخشەران تێیدا بەشدار بوون، لەگەڵ دامەزراوە و هاوبەشەکاندا، بە مەبەستی گەیشتن بەو ژن و کچانەی لە ناوچە جیاوازەکاندا زیانیان بەرکەوتووە.
لە ڕێگەی "جانتاى کەرامەت"ەوە، دەستپێشخەرییە ژنانییە بەشداربووەکان هەوڵ دەدەن مۆدێلێک بۆ هاوخەمی لە کاتی کارەساتەکاندا پێشکەش بکەن کە لەسەر وەڵامدانەوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ژنان، کاری کۆمەڵایەتی، و پرەنسیپی "هاوکاری دەکەین چونکە هاوخەمین، بەڵام هاوکاریش دەکەین بێ ئەوەی مافی تایبەتمەندی و کەرامەت لە پێویستداران بسێنینەوە" دامەزراوە.