جامی جیهانی ووشو؛ ژنانی ئێران دوو میدالیای زێڕیان بەدەستهێنا

شەهربانوو مەنسووریان بە نوێنەرایەتی پۆلی کێشی ٧٥ کیلۆ و سەدیقە دەریا بە نوێنەرایەتی پۆلی کێشی ٦٥ کیلۆ، لە مۆندیالی ووشو بە شێوازی ساندا لە ڕکابەرەکانیان بردەوە و میدالیای زێڕیان بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ - ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی نیسان لە سێهەمین و کۆتا ڕۆژی دەیەمین مۆندیالی ساندا، بە میوانداریی جیاگینی چین و لە ٨ی نیسانەوە، شەهربانوو مەنسووریان، نوێنەری ئێران لە کێشی ٧٥کیلۆ، بۆ وەرگرتنی میدالیا، ڕووبەڕووی ڕکابەری تونسی ڕیمال خەلیفی بووەوە. بە خاڵی تەکنیکی میدالیای زێڕ و پاڵەوانێتی بەدەستهێنا.

 

 

هەروەها دوێنێ سێشەممە ٨ی نیسان و لە ڕۆژی دووهەمی پێشبڕکێکەدا، سەدیقە دەریا، نوێنەری ئێران لە کێشی ٦٥ کیلۆگرام کە پێشتر لە قۆناغی یەکەمدا لە ڕکابەرە بەرمودییەکەی، کریستا ستیفانی، بردبوویەوە، بۆ بەدەستهێنانی میدالیای زێڕ ڕووبەڕووی ڕکابەرە ئوسترالییەکەی نیکۆڵ لۆی بووەوە. میدالیای زێڕ و پاڵەوانێتی بە خاڵی تەکنیکی بەرامبەر ئەم وەرزشوانە بەدەستهێنا.

 

لە درێژەی کێبڕکێکەدا، سوهەیلا مەنسووریان، نوێنەری دیکەی ئێران، لەگەڵ ڕکابەرەکانی بۆ بەدەستهێنانی میدالیا ڕکابەری دەکات.

 

 

جامی جیهانی ساندا لە ٨ تا ١٠ی نیسان لە وڵاتی چین بەڕێوە دەچێت و تیپی نەتەوەیی ساندای ژنانی ئێران بە بەشداریی شەهربانوو مەنسووریان، سوهەیلا مەنسووریان، سەدیقە دەریا و سەرۆکی ڕاهێنەر ئێلاهە مەنسووریان لەم خولەی کێبڕکێیەدا بەشداری دەکات.