گۆڕانی کەشوهەوا دەستڕاگەیشتن بە بیمە سنووردار دەکات

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ڕوودانی کارەساتە سرووشتییەکان لە ئەمریکا، کۆمپانیاکانی بیمە بەهۆی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هاوڵاتیان دوو هێندەی قازانجی ٢٦ ساڵی پێشوویان زەرەریان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا زریان، لافاو، ئاگرکەوتنەوە و مەترسییەکانی دیکەی تێچووی زیاتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیمەی هاوڵاتیان.

 

کۆمپانیای ستێت فارم کە گەورەترین کۆمپانیای بیمەی ماڵەکانە لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٢، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە داواکاری نوێ بۆ خاوەن ماڵەکان وەرناگرێت لە کاتێکدا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە وێران بووە.

 

بەپێی توێژینەوەکانی کۆمپانیای میلیمان کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکارییە، وەرزەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ لە کالیفۆرنیا زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی زیانی لێکەوتووەتەوە بەهۆی بیمەی خانووبەرە، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی دوو هێندەی قازانجی ٢٦ ساڵی پێشوو.

 

گۆڕانی کەشوهەوا کارەساتی سەختتر و بەردەوامتر لە لافاوەوە تا ئاگرکەوتنەوە لەگەڵ خۆی دەهێنێت، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکانی بیمە زیانیان لێبکەوێت و کارەکانیان ڕابگرن چونکە مۆدێلی داواکاری و زیانەکانی پێشبینیکراو و پارەدانیان قورستر دەبێت.

 

بۆ نموونە بە بەراورد لەگەڵ بیمەی ئۆتۆمبێل، نرخی بیمەی کارەساتە سرووشتییەکان قورسترە و قازانجی چەندەها ساڵەی کۆمپانیاکانی بیمەی سڕیوەتەوە، بەهۆی زۆری تێچووی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بۆ هاوڵاتیان.

 

مارک سێکتنان، جێگری سەرۆکی پەیوەندییەکانی حکومەتی ویلایەتەکان بۆ کۆمەڵەی بیمەی قوربانییەکانی موڵک و ماڵی ئەمریکی APCIA کە گروپێکی بازرگانییە، وتی لە دەرەوەی هۆکارەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا، هەڵاوسانی ئابووری تێچووی داواکاری بیمەی زیادکردووە.

 

ژمارەیەک کۆمپانیای بیمە بە سادەیی ئەو ویلایەتانەیان بەجێهێشتووە کە بە تایبەتی لە بەرگەگرتنی کارەساتەکانی کەشوهەوادا لاوازن وەک فلۆریدا و لویزیانا، ئەوەش زۆرێک لە خاوەن ماڵەکانی ناچار کردووە کە لە ڕێگەی بیمەدەرانی پشتیوانیکراوی دەوڵەتەوە کە دوا ڕێگایە، بەدوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان بگەڕێن.

 

ڕۆب مۆر لە ئەنجومەنی بەرگری سامانە سروشتییەکان NRDC کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە وتی: " بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێشبینی گۆڕانکارییەکانی بیمە زیاترە کە لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێن، لەنێویاندا بیمەدەران بڕیار دەدەن کارەکانیان کەم بکەنەوە لەسەر بنەمای مەترسییەکان لە جوگرافیا تایبەتەکاندا، ئەمە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا دەستی پێکردووە، جا لە مەترسی لافاو بێت یان مەترسی زریان یان لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە."