ژنانی کۆچبەر ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە

ژمارەی ژنان لە دەریای ناوەڕاست کە دەپەڕنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەوروپا لە زیادبووندایە، زۆرجاریش تووشی زەبر و زەنگ دەبنەوە، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر، بڕینی ئەندامی زاوزێ یان هاوسەرگیری بەزۆر و لە دۆخێکی سەختدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی ئەو ژنانەی لە دەریای ناوەڕاست دەپەڕنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەوروپا لە زیادبووندایە، زۆرجاریش تووشی زەبر و زەنگ دەبنەوە، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر، بڕینی ئەندامی زاوزێ یان هاوسەرگیری بەزۆر، زۆربەیان لە نزیک سنوورەکان لە دۆخێکی سەختدا دەژین، بەو هیوایەی بتوانن بگەنە ئەو شوێنەی کە خەڵک بە هەمان زمانی وڵاتانی زێدی خۆیان قسە دەکەن، وەک کینیا و مالی و کەناری عاج.

 

ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە ڕەنگە هێشتا ژنان کەمینە بن لەنێو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەریای ناوەڕاست دەپەڕنەوە بەرەو ئەوروپا، بەڵام ژمارەیان لە زیادبووندایە و هەروەها پێویستییان بە گرنگیدانی تایبەت دەبێت دوای ئەوەی زۆرجار ئەزموونی توندوتیژی و دەستدرێژی دەکەن.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٤٥ هەزار کۆچبەر لە ئیتاڵیا نیشتەجێبوون، کە نزیکەی چوار ئەوەندەی کۆچبەرانە لە هەمان ماوەی ساڵێکی پێشووتر، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت تێکچوونی ڕەوشی وڵاتانی جیهان وایکردووە خەڵکی لە بەشێک لە وڵاتانەوە کۆچبکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە پێناو ژیانێکی باشتر.

 

پاشان زۆرێک هەوڵدەدەن سنووری فەرەنسا لە نێوان ڤێنتیمیگلیا و مێنتۆن، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا ببڕن، هەندێکجار بە هیوای ئەوەی گەشت بکەن بۆ وڵاتانی دیکە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەرەنسا زیاتر دووریان دەخەنەوە.

 

بەشی زۆری ئەو ژنانەی لە چاوەڕوانیدا لەسەر سنوورەکان لە دۆخێکی سەخت دەژین دووگیانن یاخود منداڵی بچووکیان لەگەڵدایە، زۆربەی جاریش زمان و کلتووری جیاواز کێشەیان بۆ درووست دەکات.

 

ئەو ژنانەی لە ڕێگەی تونس یان جەزائیرەوە هاتوون زۆرجار بوونەتە ئامانجی دەستدرێژی سێکسی، ئەو ژنانەی لەسەر سنوورەکان یاخود لە کاتی کۆچدا منداڵیان دەبێت چاودێری تەندروستییان بۆ دابین ناکرێت و توشی هەوکردنی ئەندامی زاوزێ و چەندین کێشەی دیکەی تەندروستی دەبنەوە.