هانا ڕەزا دەبێتە یەکێک لە سێ براوەکەی خەڵاتی پریتزکەری داهێنانی ژینگەیی

هانا ڕەزا، هانا ڕەزا، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوی پڵنگانی بێ سنوور دەبێتە یەکێک لە سێ براوەکەی خەڵاتی خەڵاتی پریتزکەری داهێنانی ژینگەیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، کە لەلایەن زانكۆی كالیفۆرنیا دەبەخشرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هانا ڕەزا، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوی پڵنگانی بێ سنوور، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی، ڕایگەیاند، لەگەڵ ١٨ کەسی دیکە هەڵبژێردراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی ساڵی ٢٠٢٣، كە خەڵاتێكی گەورەی جیهانیە و لەلایەن زانكۆی كالیفۆڕنیاوە پێشكەش دەكرێت.

 

دوای ئەوەی زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا ١٨ کەسەکە لەلایەن پانێڵێکی ١٤ پسپۆڕی ژینگەییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، سێ کەسی کۆتایی بۆ خەڵاتی پریتزکەری داهێنانی ژینگەیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژێردان، ئەوانیش، هانا ڕەزا، لە باشووری کوردستان، خوان کارلۆس مۆنتەری گۆمێز لە پاناما و ئیرۆرۆ تانشی لە نایجیریا.

 

زانکۆکە ئاماژەی بەوەدا، ئەم ٣ كەسە، كە تەمەنیان لە خوار ٤٠ ساڵەوەیە، كەسانێكن ئەنجامی ناوازەیان بەدەست هێناوە و پێشەنگایەتی پاراستنی ژینگە دەكەن لە بوارەكەی خۆیاندا، براوەی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ن و لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە مەراسیمێكی شایستەدا لە زانكۆی كالیفۆرنیا خەڵات دەكرێت.

 

جێی ئاماژەیە، خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن زانکۆی کالیفۆرنیا ئامادە دەکرێت و بۆ ئەمساڵ ٣ کەس لە سەرتاسەری جیهان هەڵبژێردران، کە دۆخی ژینگەیی لە جیهاندا بەرەوپێش دەبەن، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە سەخت و گرنگەکانی ژینگە، لە بوارەکانی پێشەنگ وەک دیزاینی بەردەوام، یاسای گیانلەبەرە کێوییەکان، پاراستنی نەهەنگەکان و بازاڕەکانی کاربۆن.

 

ماوەیەک بەر لە ئێستا هانا ڕەزا، لە بارەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەوە وتی: براوەی یەكەم بم یانیش هەر بە كاندیدی بمێنمەوە، گەورەیی خۆی هەیە و دەسكەوتێكی مەزنە بۆ من و كوردستان و عێراقیش، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە، ئەم دانپێدانان و دەسكەوتە جیهانیانە، هاندەرمان بن بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو ڕێبازە گرنگە و بەردەوامی و توانا و پشوودرێژی زیاترمان پێ بدەن، لەسەر ئەو خزمەتە كەمەی كە لە توانامان هەیە، هەتا لە ژیانداین.