"هەڵژاردنی بێدەنگی ژنان لە بەرامەبەر توندوتیژییەکان ئەو توندوتیژیانەی لەسەر ژن ئەنجام دەدرێت چارەسەر ناکات"
کەوسەر محەمەد، بەڕێوەبەری پەرتوکخانەی ئەوقافی سلێمانی دەڵێت: خێزانەکان لە ماڵەکانیاندا منداڵێک لەسەر ئەقڵیەتێکی پیاوسالاریدا پەروەردە دەکات، پیاوان دەسەڵاتدارتر دەردەخەن، پێویستە هۆشیاری خێزانەکان زیاتر بکرێت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە هەیە، توندوتیژییەکان لە چەندین جۆری توندوتیژی جەستەی، ئەلکترۆنی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسییدا خۆی دەبینێتەوە، توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان و منداڵان لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام لە هەڵکشاندایە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری و مۆڵکایەتی پیاوانە، شکاندنی ئیرادەی ژن بۆ بەرەنگاربونەوە و ڕێگریکردن لە هەبوونی ئابووری سەربەخۆی ژنان، لاوازکردنی ئیرادە و پێگەی ژن و بەستنەوەیان بە کاری ماڵەوە و بەخێوکردنی منداڵەوە گرێدەدەن، ژنان گرێدراو بە ئابووری پیاو تەماشاکردنی ژنان وەک موڵکێکی پیاو بۆتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان، کە لادان لەم قاڵبە ئەقڵیەتە لە کۆمەڵگەدا توندوتیژی و کوشتنی ژنی لێ دەکەوێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان، ساڵانی پێشوو مانگانە ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنیان بەرامبەر ژنان لە ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا بڵاودەکردەوە، بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە هیچ ئامارێکی دیکە نەخراوەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی مافناسان و چالاکوانانی مافی ژنان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی توندوتیژییەکان دەدەن، بەردەوام داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەدەن، داوا لە لایەنەکان دەکەن بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبستن و بەر بە توندوتیژییەکان بگرن، سەرەڕای ئەوەی ژنان بە ناوی شەرەف دەکوژرێن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک دەرنەکەوتووە، بەڵکوو بەردەوام دۆخەکە بەرەوخراپت دەڕوات.
" توندوتیژیەکان تەنها بەرامبەر ژناننییە، بەڵکوو منداڵ و تێکچوونی خێزان و کۆمەڵگە بەدوای خۆیدا دەهێنێت "
کەوسەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری پەرتووکخانەی ئەوقافی سلێمانی، باس لە کارو چالاکییەکانی ژنان لە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکات، وتی: هەموو ڕێکخراوەکان کار بۆ پێشکەشکردنی چالاکییەکان لە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن، تا بتوانن کێشە و گرفتەکانیان ئاشنای کۆمەڵگە بکەن و پاشان کۆمەڵگە بەرەو هۆشیاری زیاتر ببەن، لە ئێستادا توندوتیژییەکان لە هەرێمی کوردستاندا نەبووە بە دیاردە، بەڵکو بەردەوامی زیاتری هەیە، توندوتیژی تەنها بەرامبەر ژنان نییە، بەڵکو توندوتیژییەک بەرامبەر ژن، منداڵ و خێزانەکانیش دووچاری توندوتیژی دەکاتەوە، ئەنجامدانی توندوتیژی لە لایەنە پیاوانەوە تەنها بەرۆکی ژنان ناگرێتەوە، بەڵکو دەرنجامەکانی بۆسەر منداڵان و خێزان و کۆمەڵگە لێدەکەوێتەوە، پاشان کۆمەڵگە بەرەودواوە پاشەکشە دەکات، بەردەوام منداڵان و خێزانەکان بەرەولاوازی دەچن، کۆمەڵگە و خێزانێکی هەڵوەشاو بونیاد دەندرێت، بۆیە ڕێکخراو و لایەنەکانی پەیوەندیدار لە ڕێگەی هەوڵدانیان لە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەوڵ بۆهۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە دەدەن، هەروەها هەوڵ بۆ ئاشناکردنی یاساکان و مافەکانی ژنان دەدەن، تا لە کۆمەڵگەدا زیاتر کاری لەسەر بکرێت، توندوتیژییەکان لە تێکدانی دەروون و لێدان و کوشتنەکاندا خۆی دەبینێتەوە، ئێمە ڕۆژانە بەرکەوتەمان لەگەڵ کەیسەکاندا دەبێت، کەیسی کوشتنی ژن هەبووە لەسەر تەنها نامەیەک بووە، یان لە لایەن برا و هاوژینکانیانەوە لەسەر پەیوەندیەکی هەڵەی تەلەفوونی کوژراوە، کە ئەم جۆرە کەیسانە کۆمەڵگە بەرەو توندوتیژی ڕادەکێشێت، سەرەڕای توندوتیژییەکان ژنان بەهێز و خۆڕاگرن بەرامبەر ئەو توندوتیژانە ڕادەوەستن تا منداڵەکانیان یان خێزانەکانیان لەدەستنەدەن، توندوتیژییەکان قبوڵدەکەن بە هۆکاری جیانەبونەوە و ڕەچاوکردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا.
کەوسەر محەمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: هەموو مرۆڤێک دووچاری هەڵە دەبێتەوە، زۆرێک لە خێزانەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، ئەگەر بە کوشتنیش نەبێت، لە ڕێگەی ئازاردان و تێکدانی لایەنی دەروونی خێزانەکەبێت، توندوتیژی ئەنجام دەدرێت، کێشەی کۆمەڵگەی ئێمە لە منداڵیەوە سەرهەڵدەدات، خێزانەکان لە ماڵەکانیاندا منداڵێک لەسەر ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری پەروەردە دەکەن، پیاوان دەسەڵاتدارتر دەردەخەن، پێویستە هۆشیاری خێزانەکان زیاتر بکرێت، لە ناو خێزانەکاندا ئەقڵیەتی پیاوسالاری کۆنتڕۆڵبکرێت، تا منداڵێکی تەندروست بهێندرێتە کۆمەڵگەوە، هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارات و ڕێکخراوەکان و لایەنی پەیوەندیدارەوە هەوڵ بۆچارەسەرکردنی بدرێت، پاشان لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە چەندین ڕێنمای بڵاوبکرێتەوە، تا هەموو تاکێک لێی سودمەند ببن.