"ژنانی ئێزدی چاویان بەڕووی هیوادا کردووەتەوە"

کژار بە بۆنەی ١٠ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان و بە ناونیشانی "ژنانی ئێزیدی چاویان بەڕووی بەیانییەکی پڕ لە هیوا و خەندەدا کردەوە" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گەل و کۆمەڵگەی شەنگال توانای پاراستنی خۆیان هەیە

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەلاتی کوردستان- کژار، بە بۆنەی ١٠ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ کە لە لایەن چەتەکانی داعشەوە بە پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بە هاوکاریی پەدەکە لە دژی گەلی ئێزیدی ئەنجامدرا بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە. تیایدا ڕایانگەیاند، جینۆسایدی ئەمجارەی ئێزدییەکان بە ئامانجی لەناوبردنی ناسنامەی کوردانی ئێزیدی بوو، بەڵام ئەمجارە لە شەڕی داعشدا، بەپێشەنگایەتی گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بەرخۆدان و تێکۆشانێکی گەورە ڕوویدا کە کاریگەری لەسەر هەموو جیهانی دانا.

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە بوو:

لە یادی ١٠ ساڵەی هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر شنگال و کۆمەڵکووژی ئیزادیەکان، یادی هەموو قوربانیانی ئەو ڕووداوە پڕ لە ئازارە، هەروەها شەهیدان دڵشێر هەرەکۆڵ، عەگید جڤیان، مەمو مێردین، نۆژین ئەرەس، چەتۆ چاتاک، شیلان گۆیی، یادی هەموو شەهیدانی ئەو کارەساتە پڕ لە ئازارە، گۆی و قارەمانانەکانی تر کە بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە شنگال تێکۆشانیان کرد و گیانیان بەخت کرد، بەرز ڕادەگرین.

 

لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و هێزەکانی پەدەکەش لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی پێشوودا ناوچەکەیەیان بەجێهێشت و بۆ جارێکی دیکە سروشت و ڕووخساری خیانەتکاری بنەماڵەی بارزانی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو، ئەمە ٧٤هەمین هێرش و کۆمەڵکووژی بوو لە دژی کوردانی ئێزیدی ئەنجامدرا، ٧٤ کۆمەڵکووژیی دڕندانە و تاریکییەکی پڕ لە ئازار، هێرشی ٧٤ئەمین بە ئامانجی لەناوبردنی ناسنامەی کوردانی ئێزیدی بوو، بەڵام ئەمجارە لە شەڕی داعشدا، بەپێشەنگایەتی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، بەرخۆدان و تێکۆشانێکی گەورە ڕوویدا کە کاریگەری لەسەر هەموو جیهانی دانا.

 

ئەم بەرخۆدانە مێژووییە بوو بە ئیلهام بۆ هەموو ئازادیخوازان، دوژمنانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، لەوانەش ڕژێمی فاشیستی و داگیرکەری تورک بە پێشەنگایەتی ئەردۆغان، بە پاڵپشتیی کردنی لە داعش، هەوڵیاندا کوردانی ئێزیدی بۆ هەمیشە لە ناوچەکە بسڕنەوە، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی بە حەماسی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بوونەوە و پلان و سیاسەتەکانیان شکستی هێنا.

 

گەلی ئێزیدی هەمان ئەو گەلەیە کە لە ٧٣ هێرش و کۆمەڵکووژی پێش ئەوە لەناو نەچوون و ئومێدیان بە ژیان و ئازادییان لەدەست نەدا، گەلێک کە بە باوەڕ و ئیمان بە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیی سەرۆک ئاپۆ ڕێگای خۆڕاگری و بەرخۆدانی دۆزیەوە و بە ڕێکخستن و بەرخۆدان وەڵامێکی ڕووخێنەرانەی بە فاشیزمی ئەردۆغان و خیانەتی بارزانی و دڕندەکانی داعش دایەوە، لەم هێرشە دڕندانەیەدا ئامانجی سەرەکی ژنانی ئێزیدی بوون کە زۆرترین زیان و ئازار و ئەشکەنجەیان بەرکەوتووە لە مێژوودا، زۆرێکیان کۆمەڵکووژ کران، بە دیل گیران و لە بازاڕەکاندا فرۆشران و زۆرێکیان دەستدرێژییان کرایەسەر و ئەشکەنجە دران.

 

سەرەڕای ئەوەش کوردانی ئێزیدی نەک هەر بێ هیوا نەبوون، بەڵکو لە سایەی بەرخۆدانی مێژوویی گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە و بە پەیڕەوکردنی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەستیان بە خۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی کرد و هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە یان بنیات نا.، ئەم هێزانە سەرەڕای پاراستنی گەلەکەیان، لە ڕزگارکردنی ژنانی ئێزیدی دا ڕەوڵێکی کارایان بینیوە، ژنانی ئێزیدی چاویان بەڕووی بەیانییەکی پڕ لە هیوا و خەندەدا کردەوە.

 

لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا، سەرەڕای هەموو هێرشە دڕندەکانی ڕژێمی فاشیستی تورک، گەل و کۆمەڵگای شنگال، بە پەروەردە و ڕێکخستنی خۆیان بە پێی فەلسەفە، ڕێنمایی و ئایدۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ، ئیتر توانای پاراستنی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا هەیە، گەلی شنگال و بە تایبەتی ژنانی ئێزیدی، پێویستە لەو ڕاستییە تێبگەن کە دوژمنی تاڵانچی قەد دەستبەرداری کردەوە هۆڤانەکانی نەبووە و بەو ئاراستەیە بە هەموو شێوەیەک بۆ لەناوبردنی گەلی ئێزیدی هەر جۆرە ڕێکارێک بەکاردەهێنێت، بۆیە گەلەکەمان پێویستە خۆیان بەڕێکخستن تر بکەن و لە هەموو بوارەکاندا خۆیان پەروەردە بکەن، هاوکات پێویستە گرنگی بە هەموو بوارەکان بدەن.

 

ئێمەی ژنان مێژوویەکی زۆر کۆنمان هەیە کە پڕە لە ئەزموون و کەلتوور، سیاسەت و ناسنامە و دەستکەوتی زۆر، بە عەشق و باوەڕ بە ئازادی و ژیانی ئازاد دەتوانین هەموو دونیا بە ئازادی بڕازێنینەوە، لەم ڕووەوە پێویستە ڕەنج و فیداکاریی زۆر بدەین، پەروەردە و خۆ بەڕێکخستن لە پێشەوەی هەموو کارەکانماندا بێت.