برینداربوویەکی تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا: دەبێت لێپرسینەوە بکرێت

مەریەم حەمدۆ شێخ ساڵح، کە لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ لە گوندی تل شینان لە تل تەمر بریندار بوو، تا ئێستا لە گوندەکەی خۆی دەژی و ئاماژەی بەوەکرد، برینداربوونی تاوانی جەنگە و داوای لێپرسینەوەی کرد.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ تا ئەمڕۆش بەردەوامن وەک ڕفاندن، دەستدرێژی، لەسێدارەدان، کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجە لە ناوچە داگیرکراوەکان، هتد، ڕووداوەکانی ڕۆژ لەلایەن ئاژانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەکانەوە نابنە سەردێڕ، هەروەها سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە دەوڵەتی تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگ دەکات، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی دیاریکراو نەگیراوەتەبەر بۆ دادگاییکردنی تاوانباران و بکوژان.

 

مەریەم حەمدۆ شێخ ساڵح لە دووری سێ کیلۆمەتر لە گوندی تل شینان لە ڕۆژهەڵاتی شاری تل تەمری کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی، دایکی کچێک و دوو کوڕە. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١، بەهۆی بۆردومانێکی قورس لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر گوندی تل شینان، لە پشتەوە بریندار بوو.

 

مەریەم حەمدۆ شێخ ساڵح، کە هێشتا گوند و ماڵەکەی بەجێنەهێشتووە و لەبەرامبەر هێرشەکان بەرخۆدان دەکات، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و هەڵوێستی خۆی لەسەر داگیرکارییەکە دەربڕی.

 

لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا بریندار بوو

مەریەم حەمدۆ لە سەرەتای قسەکانیدا ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠٢١ی بەبیرهێنایەوەو وتی: لە ترسدا دەژین، ئەم ترسە هەمیشە هەیە چونکە نازانیت کەی تۆپێک ڕەنجی چەندین ساڵت وێران دەکات، لێرە بۆم دەرکەوت کە ژیان ساتێکە، لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ کاتژمێر ٧ی ئێوارە، لە ماڵی خۆم بووم، بەڵام تۆپباران هەبوو، لە شوێنی دروستکردنی چیمەنتۆ بوو لەبەرامبەر گوندەکە، بەڵام لەو کاتەدا وتم لەوانەیە گوندەکە تۆپباران نەکرێت، تەنها دوو تۆپم بینی بەسەر ماڵەکەمدا کەوتن  یەکێکیان لە پشت ماڵەکەوە کەوتە خوارەوە و منیش لە پشتەوە بریندار بووم، ئەوی دیکەیان کەوتە ناو تانکی ئاوەکەوە، کاتێک بریندار بووم، بە تەنیا بووم، تەنها کچە ١٢  ساڵانەکەم لەگەڵم بوو، بەهۆی سەختی تۆپبارانەکە، کەس نەیدەتوانی بێتە گوندەکە ڕزگارم بکات و ببگەیەنێتە نەخۆشخانە، کاتێک بۆ ماوەی ١٥خولەک بوو بریندار ببووم، لەهۆش خۆم چووم جیهان لەبەردەم چاوەکانم ڕەش بوو، ماڵەکە لەژێر دووکەڵی تۆپەکاندا بوو. دواتر بە یارمەتی کچەکەم بە هێواشی ماڵەکەمان جێهێشت.

 

دوو ساڵ و ٩ مانگە ئازار دەچێژن

مەریەم حەمدۆ ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا بەهۆی برینەکەیەوە ئازار دەچێژێت و وتی: ناتوانم شتێکی قورس هەڵبگرم و ناتوانم نیو کیلۆمەتر بڕۆم، ناتوانم کارێک بکەم، هەتا ئەمڕۆش، بەهۆی ئەو بەشانەی لە پشتمدا ماونەتەوە، ئێش و ئازارم هەیە، بە تایبەتی لە کاتی سەرمادا کاتێک ئەو بەشە سارد دەبێتەوە زۆر ئازارم دەدات هەندێک پارچەی بچووک لە پشتمدا مابوونەوە، بەڵام گۆشتەکە خۆی پێچایەوە، پزیشکەکان وتیان ناتوانن نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدەن لە ترسی ئەوەی نەوەک بڕبڕەی پشتم زیانی پێبگات، ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەکەم کە ئەو بەشە بچوکانە بێنە دەرەوە.

 

"با لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت"

مەریەم حەمدۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، برینەکەی دەکەوێتە زنجیرەی تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورکیاو وتی: کاتێک سەیری ئەم بابەتە دەکەیت، بە ڕوونی دەبینیت ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر من کردوویەتی تاوانێکە، ئەوەی ئێمە لەم وڵاتەدا دەمانەوێت تەنها ئاشتی و سەقامگیرییە، لەبەر ئەوەی ناتوانین ماڵەکەمان بەجێبهێڵین بۆ ئەوەی بڕۆین بۆ شارێکی تر یان لە وڵاتێکی جیاوازدا بژین و بچینە سنوور، لەبەر ئەوە دەمانەوێت بە ئاشتی لە ماڵەوە بژین، دەمەوێت لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو تاوانانە بکرێت کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە دژی ئێمە ئەنجامدراون، دەوڵەتی تورکیا بە چ ماف و یاسایەک هێرش دەکاتە سەر گەلی مەدەنی و نان و موڵکەکانمان لێ دەبات، داوای خاکی داگیرکراومان دەکەینەوە.