لە عەفرین هێرش بۆ سەر ژنان بەردەوامە
ئەلیف محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار عەفرین-شەهبا باسی لە داگیرکردنی ناوچەی عەفرینی داگیرکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکیا کرد و ڕایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر ژنان لە عەفرین بەردەوامن.
حەسنا محەمەد
شەهبا- لە سەرەتای داگیرکردنی ناوچەی عەفرین لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨، تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گروپە چەکدارەکانی لە دژی دانیشتوانی ڕەسەن و سروشتی ناوچەکە درێژەیان بە تاوانەکانیان داوە، بەگوێرەی ماڵپەڕی عەفرین نیوز-٢٤، کە چاودێری و دۆکیۆمێنتی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٣٣ ژن کە ٤ منداڵ و ٣ ژنی بەساڵاچوو و دایکێک و ٤ منداڵەکەی ڕفێنراون، هەروەها ٣ ژن و ٤ منداڵ لەلایەن چەتەکانی تورکەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ژنێکی گەنجی ١٦ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەلیف محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار عەفرین-شەهبا، سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکان وتی: لە سەرەتای داگیرکردنی خاکەکانی سووریا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە تا ئەم ساتە، هێرشەکان هەموو ڕۆژێک بەردەوامن، لە ساڵی ٢٠٢٣دا هێرشەکان قورستر بوون، بەتایبەتی لە کاتی بوومەلەرزەدا، ژیان تاریک و دۆزەخییە لە عەفرین بەهۆی کردارەکانی داگیرکارییەوە، تەنانەت لە کاتی کارەساتی بوومەلەرزەکەدا دەوڵەتی تورک بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵسوکەوتی کرد و یارمەتی گەلی نەدا کە زیانیان بەرکەوتبوو.
"سەدان ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە"
ئەلیف محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە کەوتوونەتە دەستیان، ڕۆژانە دەیان ژن لە عەفرین ڕووبەڕووی کردەوەی خراپ دەبنەوە و تەنانەت بەشێکی زۆریان دەگەنە ئاستی خۆکوشتن و بەشێکیان دەکوژرێن، وتیشی: بەپێی زانیارییەکان، ئەمساڵ بە سەدان ژن ڕووبەڕووی کردەوەی چەپەڵی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بوونەتەوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و لەلایەن چەتەکانەوە کوژران و ڕفێندران و دەستدرێژییان کراوەتە سەر.
"وڵاتانی ئەوروپا بەرپرسیارن لەم کارانە"
ئەلیف محەمەد باسی لەوەشکرد، کە داواکارییەکەیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە و پێویستە جیهان بەرپرسیار بێت لەو کارانە، لە کۆتاییدا وتی: داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە ئەم کردەوە داگیرکارییانە لە ناوچە داگیرکراوەکان بوەستێنرێت و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لاببرێت، دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان و شوێنە بەرژەوەندخوازەکان لەم کارانە بە بەرپرسیار دەزانین، خەڵکی عەفرین لە شەهبا سەرەڕای هەموو ئەو فشار و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەردەوامن لە بەرخۆدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.