غەززە؛ ٩ هەزار کەس کوژراون و ٢٤ هەزار کەسی دیکە بریندار بوون

لە ٢٧مین ڕۆژی دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر غەززە، لەگەڵ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی ئیسرائیل، نزیکەی نۆ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٤ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون و پێدەچێت ژمارەکە بەرزبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەردەوامی بۆردوومانەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل ژیانی لە فەلەستینییەکان وێران کردووە و کەرتی غەززە ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی بووەتەوە، کە بەردەوامی پچڕانی ئاو و کارەبا و پێداویستییە پزیشکییەکان مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەسی نەخۆش و بریندار دروستکردووە.

 

١ی تشرینی دووەم، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە گەیشتووەتە نزیکەی نۆ هەزار کەس، لەناویاندا سێ هەزار و ٦٤٨ منداڵ و زیاتر لە ٢٤ هەزار کەسی برینداربوو هەن، هاوکات بەپێی سەرچاوە فەلەستینییەکان، لە کەرتی ڕۆژئاوا ١٣٠ کەس کوژراون و نزیکەی دوو هەزار کەسیش دەستگیرکراون، زیاتر لە ٪٧٣ی کوژراوەکان منداڵ و ژن و بەساڵاچوون.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕۆژی دووەمی ئەو کۆمەڵکوژییەی، کە ئیسرائیل لە کامپی جەبەلیا بە فڕێدانی ٥ بۆمب ئەنجامیدا، کێشی بۆمبەکە تەنێک تەقەمەنی بووە، ژمارەی کوژراو و بریندار و بێسەروشوێنەکانیش بۆ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

 

دوێنێ، ١ی تشرینی دووەم، بۆ جارێکی دیکە ئیسرائیل گۆڕەپانی نیشتەجێبوونی لە کامپی جەبەلیا لە ناوچەی ئەلفەلوجە کردبووە ئامانج، کە دووەم کۆمەڵکوژییە لەوێدا ئەنجامدرا دوای کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆژی ڕابردووتری.

 

وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، مۆلیدەی سەرەکی نەخۆشخانەی ئەندەنوسیا کە بڕبڕەی پشتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە باکووری غەززە پێکدەهێنێت، بە تەواوی کارکردنی وەستاوە و ژیانی هەزاران نەخۆش و برینداری خستووەتە مەترسییەوە.

 

پزیشکی بێسنوور دووپاتی کردەوە کە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار بریندار لە کەرتی غەززە ماون دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە وەجبەی یەکەمی بریندار و نەخۆش لە کەرتی غەززە گواسترانەوە بۆ میسر لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفحەوە بۆ میسر، ئاماژەیان بەوە کرد کە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی سنووردارە بەهۆی گەمارۆدان و بۆردوومانی بەردەوامەوە.

 

ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون، زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، هاوکات ٣٣ هەزار و ٩٦٠ یەکەی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە وێران بوون، بەیانی ئەمڕۆش کەرتی غەززە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە بووەتەوە، هاوکات ژمارەی کوژراوانی ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی غەززە بۆ ١٧ سەرباز بەرزبووەتەوە.

 

ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەی بریندارانی ئیسرائیلی گەیشتووەتە پێنج هەزار و ٤٣١ کەس و ژمارەی ئاوارەکانیش گەیشتووەتە ٢٥٠ هەزار کەس.

 

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کامپی پەنابەرانی جەبەلیا لە غەززە بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی زۆری قوربانیانی مەدەنی و ڕادەی ئەو وێرانکارییەی کە بەدوایدا هات "ڕەنگە بگاتە تاوانی جەنگ".

 

بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە ئەو تەقینەوەیەی دوێنێ لە گەڕەکی فەلوجەی کامپی پەنابەرانی جەبەلیا ڕوویدا، بەهۆی هێرشی ئاسمانییەوە بووە، ئەمەش دوای کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆژی سێشەممە.