درێژەی شۆڕش؛ هەژاری، گەندەڵی و گرانی بەرەو ڕووخانتان دەبات

لە سەروبەندی جەژنی نەورۆزدا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمیان بۆ بەردەوامیی شۆڕش تا سەرکەوتن دەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مانگی شەشەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە دژی حکومەت، خەباتی گەل لە شارە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هێشتا بەردەوامە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تا ئێستاش لە شارەکاندا دەنگ دەداتەوە.

 

شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت سنە، مهاباد، کامیاران، سەقز و ... شارە پێشەنگەکانی خەبات بوون و هەمیشە بە بوونیان لە شەقامەکاندا شۆڕشیان بە زیندووی هێشتووەتەوە.

 

لە ناوچە جیاجیاکانی تاران؛ ستارخان، ئەکباتان، نارمەک، ئاریاشەهر، تارانپارس، موشیریە و... خۆپیشاندەران جارێکی دیکە بە ڕژانە سەر شەقامەکان و وتنەوەی دروشمی دژە حکومەت لەناو ماڵەکانیانەوە دژایەتی خۆیان بۆ ڕژێمی ئێران دەربڕی.

 

هەروەها هەمەدان، ساوە، مەشهەد، قەزوین، بابۆڵ، مەلایەر، کەرەج و ...هتد، لەو شارە ناڕەزاییانەیە کە ئێوارەی ١٣ی ئادار بە دروشمی دژە حکومەت شۆڕشیان لە شەقامەکاندا کرد.

 

ئەو گەلە چەکدارە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ساڵانی زوڵم و ستەم لەلایەن ڕژێمی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخ و گرانی کاڵان، بە شێوەی جۆراوجۆر و بە دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" ناڕەزایی خۆیان نیشان داوە و داواکارن ڕژێمی ئیسلامی بەتەواوی بڕوخێنرێت.