کۆمەڵەی ژنانی عێراق: پێویستە فشار بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بکرێت

کۆمەڵەی ژنانی عێراق ڕایانگەیاند، جەخت لەسەر گرنگی دروستكردنی ژینگەیەكی سەلامەت و دوور لە هەموو جۆرە جیاكارییەك دەكەینەوە، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن چالاكانە بەشداری لە بڕیاردان و بنیاتنانی ئایندەیەكی باشتر بۆ وڵاتەكەمان بكەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە جیهاندا لە بەیاننامە، سیمینار، چالاکی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دژی ئەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی، پیاوسالاری، توندوتیژی، هەڵاواردن و هەموو جیاکارییەکانی سەر ژنان لەلایەن ژنانەوە بەرز ڕادەگیرێت، بەو بۆنەیەوە، کۆمەڵەی ژنانی عێراق بەیاننامەیەکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنن، "پێویستە لە یادی ئەمساڵدا ناوی سەدان ژنی بەناوبانگی بزووتنەوەی فێمینیست، دەستكەوت و قوربانیدان، دەستپێشخەرییە گەورەكان و بەشدارییەكانیان بۆ یەكخستنی هەوڵەكانی بزووتنەوە نەتەوەییەكان لەپێناو ئازادیی مرۆڤدا بەبیر نەوەكان بخەینەوە".

 

دەقی بەیانناەی "كۆمەڵەی ژنانی عێراق" بە بۆنەى ڕۆژى ٨ى ئادار؛

"ڕۆژی جیهانی ژنان ڕۆژێكی تایبەتە، پلاتفۆرمێكی جیهانییە، كە گروپ و بزووتنەوە و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و پرسی ژنانی فیمینیستی تێدا كۆدەبنەوە، بۆنەیەكە، كە تێیدا هەوڵەكان دوو هێندە دەكرێن بۆ پیشاندانی ئەو دەستكەوتانەی لە بواری مافەكانی ژنان بەدەست هاتوون و تێیدا تیشك دەخرێتەسەر وێنەی ئەو ژنانەی، كە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەكانیانەوە بەشداریان لە پرۆسەكانی بیناسازی و گەشەپێدان و داهێناندا کردووە.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، تیشك دەخەینەسەر بەڵێنەكانی حكومەت سەبارەت بە مافەكانی ژنان لەڕێگەی هەڵسەنگاندنی پلان و ستراتیژەكان بە ئامانجی بەهێزكردنی ژنان و زەمینە خۆشكردنیان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەكسانی.

 

ئاهەنگی ٨ مارسى ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ ١٠٠ یەمین ساڵیادی پەیوەست بە مێژووی بزووتنەوەی فێمینیست و بزووتنەوەی ژنانی پێشكەوتنخواز، بە بەشداریكردنی كۆمەڵێك لە ژنانی دیاری عێراق لە داڕشتنی یەكەم یاسا لەبارەى پێگەی كەسی بۆ دابینكردنى چاودێری تەندروستی بۆ خێزانە هەژارەكان بە خۆڕایی.

 

پێویستە لە یادی ئەمساڵدا ناوی سەدان ژنی بەناوبانگی بزووتنەوەی فێمینیست، دەستكەوت و قوربانیدان، دەستپێشخەرییە گەورەكان و بەشدارییەكانیان بۆ یەكخستنی هەوڵەكانی بزووتنەوە نەتەوەییەكان لەپێناو ئازادیی مرۆڤدا بەبیر نەوەكان بخەینەوە، جگە لە زیادكردنی داواكاری بۆ گەیشتن بە دادپەروەری بۆ ژنان بە مەبەستى زیادكردنی بەشداریكردنیان لە هەموو ئاستەكاندا و بتوانن دەسكەوتیان هەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی گرنگیدان و نۆژەنكردنەوەی كارگەكان، پشتگیریكردنی بەرهەمی نیشتمانی، دابینكردنی گەرەنتی بۆ ژنانى كرێكار و جووتیاران، پێدانى قەرزی بێ مەرج بۆ ژنانی ماڵەوە، چاودێری زیاتر بۆ ئەو ژنانەی، كە خاوەن پێداویستى تایبەتن.

 

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی خۆمان دەكەینەوە و چێژ و سود لە ئەو كەسانە وەردەگرین، كە بە بیرۆكە و دەستپێشخەری و قوربانیدانەكانیان مێژوویان نووسیوە، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی دروستكردنی ژینگەیەكی سەلامەت و دوور لە هەموو جۆرە جیاكارییەك دەكەینەوە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن چالاكانە بەشداری لە بڕیاردان و بنیاتنانی ئایندەیەكی باشتر بۆ وڵاتەكەمان بكەن .

 

لەم ڕۆژەدا پێویستە هەوڵەكان كۆبكرێتەوە و فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی حكومەت بۆ ئەوەی پابەندبوونی زیاتر بە ڕێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان بن، بۆ پاراستنی ژنان و دەرهێنانیان لە واقیعی كارەساتبار و ڕزگاركردنیان لە توندوتیژی و بازرگانیكردن لە ڕێگەی یاسا و لێپرسینەوە لە بەرپرسان، بۆ گەیشتن بەشێوازێك كە لەگەڵ هەنگاوەكان و پێشكەوتنی مێژووی ژنانی عێراقدا بگونجێت.

 

دەبێت ئیرادەیەك هەبێت، کە سیاسەتمەداران باوەڕیان بە بوونی ژنان بكەن وەك هاوبەشى لە بڕیارداندا، دانانی بودجەی هەستیاری جێندەر، هاندانیان بۆ دەستپێكردنی دەستپێشخەریی سیاسی، كولتووری، كۆمەڵایەتی و ئابووریی لەو بوارانەدا سود لە تواناکانیان وەرگرن.

 

داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی، كە لەساڵی ٢٠٠٩ دەرچووە، پەیكەری د. نازیحە دلێمی دروستبكات بە مەبەستی بەردەوامكردنی ڕۆڵی ژنانی عێراق و شانازیكردن بە خەبات و بەخشینی بێسنوور و ئاشناكردنی نەوەكانى داهاتوو بە ڕەمزەكانی بزووتنەوەی فێمینیست بە خستنەڕوویان لە پرۆگرامە پەروەردەییەكان و چەند بوارێکى دیکە.

 

بژی تێكۆشانی ژنانى جیهان، بژی ئەو ژنە عێراقییەی خەبات بۆ كەرامەتی خۆی و كەرامەتی نیشتمانەكەی دەكات، شكۆمەندی بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی ژنان لە عێراق و جیهاندا.