سلێمانی، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگایەتی ژنانیان لە شۆڕشدا خستەڕوو

بە هاوبەشی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە و کۆنگرەی ستار سیمینارێک لەبارەی تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنان ڕێکخرا، جەختکرایەوە کە سەرەڕای ئەقڵیەتی ٥ هەزار ساڵەی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری، ژنان لە شۆڕشدا پێشەنگایەتییان کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە شاری سلێمانی، بە هاوبەشی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە کۆبوونەوەیەکی ژنانی چوار پارچەی کوردستاندا، لەبارەی تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنان سیمینارێکیان پێشەکەشکرد و کاریگەری و ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە تێکۆشاندا خرایەڕوو.

 

سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، شەرڤین دەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە باسی لە تێکۆشانی ژنانی کورد کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان و و ڕایگەیاند، ماوەی ١٣ ساڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشێک بەرپابووە، بۆ لەناوبردنی ئەو شۆڕشە، کە بە پێشەنگایەتی ژنانە، دەوڵەتی تورکیا و نەیارانی کورد بەردەوام هێرش دەکەنەسەر گەلی کورد و ژنان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش بەردەوامن لە بەرخۆدان.

 

شەرڤین دەلیل لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە پێشەنگایەتی ژنان وتی: دایک و ژن بۆ ئەم شۆڕشە ڕەنجیان داوە و زەحمەتی زۆریان کێشاوە، ئێستاش ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخی شەردایە و گەل وەک پەنابەر لەسەر خاکەکەی خۆی دەژی، دۆخەکە بۆ ژنان قورسترە، ئەقڵیەتی ٥ هەزار ساڵەی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری ژنانی ڕووبەڕووی زوڵم و زۆرداری و کوشتن کردووەتەوە، بەڵام ئێستا ژن پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و لە بەرخۆدانی دان.

 

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە، پەیامێکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانی خوێندەوە دەربارەی ژنان، کە دەڵێت: ژن سەرچاوەی دیموکراتی و ئازادین، بێ ئەوەی ژن ئازاد ببێت، ژیانێکی ئازاد نایەتە بوون.

 

پاشان سلاڤا سلێمان، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامنامەی ٩یەمین کۆنگرەیە کۆنگرە ستار، کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.