کۆرۆنا دووبارە چین گیرۆدە دەکات
كۆرۆنا لە چین ژمارەیەكی نوێی تووشبوونی تۆمار كرد و لە یەك رۆژدا زیاتر لە ٣١ هەزار توشبوو تۆمار كراون.
ناوەندی هەواڵ
وڵاتی چین کە بڵاوکەرەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بە جیهاندا و لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی تووشبوونی هەزارەها کەس بە ڤایرۆسەکە کەرەنتینی ڕاگەیاند، لە ئێستادا ئەو وڵاتە دووبارە گیرۆدەی ڤایرۆسەکە بووەتەوە، بە جۆرێک ڕێژەکەی ئەوەندە بەرزە کە لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكەوە ئەو ژمارە تۆمار نەكراوە.
نوسینگەی تەندروستی نیشتمانی چین بڵاویكردووەتەوە، تەنها ڕۆژی چوارشەممە ٣١ هەزار و ٤٥٤ توشبووی كۆرۆنا تۆمار كراون، كە ٢٧ هەزار و ٥١٧یان هیچ نیشانەیەكیان نییە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر ژمارەی پێوانەیی لە چین ٢٩ هەزار و ٣٩٠ توشبوو بوو، ئەویش لەو كاتەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە لوتكەدا بوو لەو وڵاتە.
چین ڕێوشوێنی توندی بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی كۆرۆنا گرتووەتەبەر و پشكنینی لەسەر ئاستێكی فراوان دەستپێكردووە، هەروەها كۆت و بەند لەسەر هاتووچۆ لە ژمارەیەك ناوچەی ئەو وڵاتە دانراوە.