دوای کوشتنی نەسرین قادری شۆڕش لە مەریوان بەگوڕتر دەبێت

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بازرگانان لە شاری مەریوان، خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی ئەم شارە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دەستپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ٧ی تشرینی دووەم، بازرگانانی شاری مەریوان مانیانگرت و هاوڵاتییانیش ڕژانە سەر شەقامەکانی شارەکە و دەنگی تەقە دەبیسترێت و دوکەڵ لە چەندین ناوچەدا بڵاوبووەتەوە.

 

هاوڵاتییانی شاری مەریوان بۆ دووهەمین ڕۆژ لەسەر یەک دوای کوژرانی نەسرین قادری، خوێندکارانی شاری مەریوان ڕژانە سەر شەقامەکانی شار و دوکاندارانیش درێژەیان بە مانگرتنەکانیان دا و دوکانەکانیان نەکردەوە، بەپێی وێنەی گەڕەکەکانی شاری مەریوان کە لە نیوەڕۆوە بڵاوکراونەتەوە هاوڵاتیان دەستیان بە ناڕەزایەتی کردووە و دەنگی تەقەش لە شارەکەدا دەبیسرێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرت و وێنە بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی نافەرمییەوە بە ئامانجی ڕفاندنی هاوڵاتیان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکان و بە شێوەیەکی بەرفراوان هاوڵاتیانی ناڕازییان لە شەقامەکاندا دەستگیرکرد.

 

هەروەها دوێنێ لە کاتی کۆبوونەوەکاندا لانیکەم ٣٥ هاوڵاتی شاری مەریوان بە تەقەی هێزەکانی ڕژێم بریندار بوون.