هیوای ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٤: ئاشتی، ئازادی، بوون و دادپەروەری

ژنانی ئامەد بۆ هاتنی ساڵی ٢٠٢٤، تیشکیان خستە سەر قەیرانی ئابووری و توندوتیژی دژ بە ژنان و چاوەڕوانییەکانیان بۆ ئاشتی و دادپەروەری و ئازادی.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- لە ساڵی ٢٠٢٣ دا، بوومەلەرزەو ئەو کارەساتانەی بەهۆی لافاوەوە دروست بوون، هەڵبژاردنە گشتییەکان، زیادبوونی ژمارەی کوشتنی ژنان، زیادبوونی قەیرانی ئابووری هەبوو، ژیانی ژنان و منداڵان سنووردارکرا، هەوڵەکان بۆ دەستگرتن بەسەر دەستکەوتەکانی ژنان بەردەوام بوون و هێرشی بێ وەستان و قەیرانی کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەدا کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان کردووە.

 

 مایکمان بۆ ژنان درێژکردەوە و پرسیاری ئەوەمان لێکردن بۆ ساڵی نوی چاوەڕێی چی دەکەن؟

 

ئەو ژنانەی قسەیان کرد ئاماژەیان بەوە کرد کە قەیرانی ئابووری و توندوتیژی دژ بە ژنان زیادی کردووە و وتیان: لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ئاشتی نەژیاوین، بۆ ساڵی 2024 ژنان داوای ژیانێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانەیان کردو ئاماژەیان بەوەکرد، خەباتی ژنان لە ساڵی نوێدا بەردەوام دەبێت.

 

"ژیانێکی بێ توندوتیژی و ستەمم دەوێت"

ئایشە ئالی نوتی: دژی توندوتیژی سەر ژنانم وەک ژنێک، من توندوتیژیم لە دژی هیچ ژنێک ناوێت، بەداخەوە ناتوانین هیچ شتێک بکەین لەم پرۆسەیەدا، پێموایە ئەم ساڵی نوێیە هیچ ڕووداوێکی توندوتیژی ڕوو نادات، ئاستی پەروەردە زیاد دەکات، قەیرانی ئابووری ڕوو نادات، بە تایبەتی ژنان دەبێت بخوێننەوە و گەشە بکەن، پەروەردە و زانیاری ژنان زۆر گرنگە، قەیرانێکی ئابووری هەیە و ئێمە لە خانووی کرێدا دەمێنینەوە، سێ ساڵە هاوسەرگیریمان کردووە و لەم سێ ساڵەدا شەش جار خانوومان گۆڕیوە، بە دڵنیاییەوە، دەمەوێت ئەم قەیرانە کۆتایی پێبێت و نرخی هەموو شتێک چیتر بەرز نەبێتەوە، دەمەوێت لە بارودۆخێکی باشتردا بخوێنم و منداڵەکانم لە بارودۆخێکی باشدا گەورە ببن.

 

"داواکاریم ئازادی و ئاشتییە"

جایدە دەمیرۆک وتی: گەنجان بێکارن، خەڵک بەبێ کار لەسەر شەقامەکان دەسوڕێنەوە، ئازادیمان دەوێت لەم ساڵی نوێیەدا، دەمانەوێت شتی باش ڕووبدات، شەڕ و پێکدادان بەسە. ئەمڕۆ نرخی یەک نان ١٢  لیرەیە، بەڵێ کەسانێک هەن کە تەنانەت ناتوانن نانێکیش بکڕن، ئەمڕۆ نەک تەنها نرخی نان، بەڵکو نرخی هەموو شتێک بەرزبووەتەوە، کوڕەکەشم بێکارەو دەمەوێت ئەم دۆخە بگۆڕدرێت، خەڵک دەرفەتی کاریان هەبێت و جەنگ کۆتایی پێ بێت.

 

"داواکارییەکەم تەنها دادپەروەرییە"

هولیا گولەش وتی: با ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت هەلی کار بۆ گەنجانمان بڕەخسێت و گەنجان واز لە ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی بهێنن، با کێشەی ئابووری نەمێنێت، ئاشتی لە هەموو شوێنێک دروست ببێت، با ژیانمان کەمێک باشتر بێت، با دەستدرێژیی زایەندی و کوشتنی ژنان کۆتایی پێبێت، با دادپەروەری هەبێت ئەگەر دادپەروەری بێت، هەموو شتێک دەبێتە گوڵ و گوڵستان بەڵام بەداخەوە لەم دۆخەداین چونکە دادپەروەری نییە.

 

"چاوەڕوانیم بۆ ساڵی نوێ نەماوە"

نەجلا باتیک وتی: دەمەوێت هیچ توندوتیژییەک لە وڵاتەکەدا نەبێت لە ساڵی نوێدا، سیستمێک کە هیوا بۆ داهاتوو و دەرفەتی باشتر بۆ پەروەردەی منداڵەکانمان بڕەخسێنێت، ئێستا من باوەڕم بەو پەروەردەیە نییە کە ئەوان دەیدەن بە منداڵان، هەروەها هیوای داهاتووم نییە بەهۆی سیستمەکەی ئێستاوە، کاتێک دەچینە ناو چێشتخانەکە نازانین چی بکەین. قەیرانی ئابووری بەرەو پێشچووە، هەموو ڕۆژێک بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن منداڵەکانمان گەورە بکەین، یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان توندوتیژی ئابوورییە، هەموو دەرچووانی زانکۆ لەسەر شەقامەکان بێکارن، خەڵک ناتوانن نان و پەرتووک بۆ منداڵەکانیان بکڕن، ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە زۆر خراپ بوو، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بێکار بووم، لە هەموو لایەکەوە، ساڵێکی زۆر خراپمان هەبوو.

 

"گرنگترین شت لەم ژیانەدا بەرخۆدانە"

ئاڤژین ئاتار وتی: ئەمساڵ ژیان زۆر سەخت بووە کاتێک کێشەکان بەردەوام بوون، زیادیان کرد، لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا، هەموو جارێک بە وریاییەوە و متمانە بەخۆبوون بەردەوام بووم، توندوتیژی، قەیرانی ئابووری و فشارەکان زیادیان کردووە، هەمیشە لە دژی ئەو فشارانە بەرخۆدانم کردووە، خوێندکاری زانکۆ بووم و ئێستا لە شوێنێک کار دەکەم، ئێمەی ژنان دەبێت ئازاد بین، بە ئاسوودەیی ناژین هەتا هەموو ژنان ئازاد دەبن دەبێت بەردەوام بین لە خەبات بۆ ژیان و کار، گرنگ ئەوەیە چۆن لە دژی ئەمە تێبکۆشین، گرنگترین شت لەم ژیانەدا بەرخۆدانە.