"هیچ پێشکەوتنێک لە بواری ماف و ئازادی ژنان لە مەغریبدا نییە"

فاتمە ئیکا، ڕێکخەری پڕۆژەی ناوەندی کار و توێژینەوەی مەنەسات، ڕایگەیاند بۆیان ڕوون بووەتەوە کە بۆچوونی کۆمەڵگە لە بواری مافەکانی ژنان بە شێوەیەکی ئەرێنی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام کاتێک باس لە مافە گشتیەکان دەکرێت ئازادی بوونی نییە.

حەنان حارت

 

مەغریب- ناوەندی کار و توێژینەوەی مەنەسات کاری مەیدانی ئەنجام دەدات بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکانی ژنان، پاشان ناوەندەکە سیمینار ڕێکدەخات و ئەنجامی کاری مەیدانی شی دەکاتەوە و باس لە چارەسەرەکان دەکات، لەم سیمینارانەدا ژنان لە پاشخانی جیاوازەوە بەشداری دەکەن، هەروەها لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەنجانی کرێکار کە لایەن ناوەندەکەوە ئامادە کراوە، بەرنامەی پەروەردە بۆ گەنجان بەڕێوەدەچێت.

 

فاتمە ئیکا ڕێکخەری پڕۆژەی ناوەندی کار و توێژینەوەی مەنەسات ڕایگەیاند، ئەو گەنجانەی کە بەشداری پەروەردەکانی ناوەندەکە دەکەن، ڕۆشنبیر و شارەزا دەبن، فێری نووسینی پڕۆژە و ئامادەکردنی بەڵگەنامە دەبن، لە کۆتایی پەروەردەکەدا گەنجان لە بواری پرسی ژنان کاردەکەن.

 

مەبەست لە پەروەردە گۆڕینی عەقڵیەتە

 فاتمە ئیکا ئاماژەی بەوەشکرد، بەو کارانەی کە کردوویانە و ئەو پەروەردانەی کردوویانە، ئەو تێڕوانینەیان شکاندووە کە خوێندکارانی زانکۆ لەناو دیوارەکاندا قەتیسکراون، ڕێگای ئازادی کەسی بۆ گەنجان لەگەڵ مافەکانیان نیشان دەدەن وتیشی: سەرنجمان خستە سەر ئەو پراکتیزانە لە یاسا و کولتوورە ناوخۆییەکان کە کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە لە کایەی گشتی و تایبەتدا، بابەتی کولتووری و کۆمەڵایەتی و یاسایی پەیوەست بە ئازادی ژنانمان گرتە ئەستۆ، بەپێی ئەنجامەکانیان بڕیارماندا ئازادی ژن قبوڵ بکەین لەپێگەیەکی یەکساندا بین لەگەڵ پیاوان له دەستڕاگەیشتن به کایەی گشتی، ئەگەر بێتە سەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە بواری ئازادی کەسیدا، بۆمان دەرکەوت کە بۆ ئەوەی بۆچوونی ژنان بۆ ئازادی لە کایەی گشتیدا ببینین، پێویستە هۆکارە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان شی بکەینەوە.

 

"جەستەی ژنان وەک موڵک سەیر دەکرێت"

فاتمە ئیکا ئاماژەی بەوەدا کە بە لێکۆڵینەوەکانی، تیشکی خستۆتە سەر پرسەکانی ئازادی ژنان بۆ بڕیاردان لەسەر جەستەیان و ئەو بابەتانەی کاریگەرییان لەسەر پارێزراوییان هەیە، وتی: لەگەڵ ژنان قسەمان کرد سەبارەت بە توندوتیژی و هەراسانکردن و دەستدرێژی زایەندی کە پرسێکی هەستیارە بۆ کۆمەڵگەی مەغریب، هەروەها باسمان لە هەڵاواردن لە کایەی گشتیدا کرد، لە ڕێگەی ئەو پرسیارانەی لە کۆمەڵگەوە کردمان، بینیمان کە لە ڕووی کێشەی ژنان و ڕوانگەی ژنانەوە پێشکەوتن بەدیهاتووە، بەڵام کاتێک باس لە مافەکان دەکرێت، ڕوانگەیەک بۆ نایەکسانی سەرهەڵدەدات، بەشداربووان باس لەوە دەکەن کە ژنان دەتوانن هەرچییەکیان بوێت لەبەری بکەن، بەڵام لە کایەی گشتیدا ئازاد نین، لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە جەستەی ژنان وەک 'مڵکی دەستەجەمعی' سەیر دەکرێت، کاتێک گەشت دەکەن دەبێت لەگەڵ پیاوان بن و بەتەنها ڕێگەیان پێنادرێت.