دانیشتوانی فورات دژی داگیرکارییەکان چوونە مەیدانەکان

دانیشتوانی کانتۆنی فورات دژی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کانتۆنی جزیرە ڕێپێوانیان ئەنجامدا، ژنانی ناوچەی کۆبانێ هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی و دووپاتیان کردەوە کە بە بەرخۆدان لە دژی داگیرکارییەکان پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن.

کۆبانێ

 

ئێوارەی دوێنێ دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی ناوچەکانی کانتۆنی جزیرە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆردومان کرد، بۆردومانەکە کە شارۆچکەی تربەسپی و گوندی بانی شکەفت لە دێریک و گوندەکانی مەنبجی کردە ئامانج، وێستگە و ژێرخانی سووتەمەنی ناوچەکەیان وێران کرد.

 

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێپێوانێکی ڕێکخست دژی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا کە دوێنێ دەستیپێکرد، سەدان کەس لە دانیشتووانی کۆبانێ، خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ، پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تەڤ-دەم، کۆنگرەی ستار، گەنجان، هیلالی زێڕین تەڤ-چاند لە ڕێپێوانەکەدا ئامادەبوون، خەڵکەکە لە گۆڕەپانی شەهید عەگید کۆبوونەوە و بە دروشمی "بەرخۆدان زیندووە" و "بژی بەرخۆدانی جزیرە" ڕێپێوانیان کرد و لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد ڕاوەستان.

 

دواتر محەمەد شاهین، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات قسەی کردو وتی: ئامانجی هێرشەکان لەناوبردنی شۆڕشە و بە بەرخۆدانی دژ بە فاشیزم کۆتایی بە ساڵی ٢٠٢٣ دەهێنین.

ڕێپێوانەکە بە سڵاوکردنی بەرخۆدانی گەل لە دژی هێرشەکە کۆتایی هات.

ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد کاردانەوەی توندی خۆیان دەربڕی.

 

"ناترسین، ئامادەین بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە"

فاتمە ئیسماعیل، کە بە تووڕەییەکی زۆرەوە هەڵوێستی خۆی دەربڕی، وتی: دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی ناوچەکانمانی کرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پلانێکی نێودەوڵەتییە کە تەنها تورکیا نیشان دەدات، بەڵام ئێمە دەزانین کە هەموو هێزە هەژمۆنییەکان بەشدارن،  ئەمڕۆ لەسەر خاکەکەمان دەژین، کە ڕەواترین مافی ئێمەیە بۆ ژیان. ئەمە وەک دایکێک لە کۆبانێ دەڵێم؛ هەروەک چۆن هێرشی چەتەکانی داعشمان بە بەرخۆدانەوە شکاند و ئەو چەتەیەمان تێکشکاند، جارێکی دیکە داگیرکاری تێکدەشکێنینەوە، بە ئامانجکردنی ژێرخانی هەرێمەکانمان نیگەرانی ئێمەیە، بڕیاری خۆمان بە خوێنی منداڵەکانمان و شەڕڤانانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان داوە، لە فڕۆکە و تۆپ و تانکەکانی ئەردۆغان ناترسین، درەختی ئازادی بە خوێن گەشە دەکات و ئامادەین بۆ مردنێکی شکۆدار، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ڕاپەڕینی کورد دەست پێبکات، ئێستا یان مردن یان کوردستانێکی ئازاد.

 

"شۆڕشی ژنان لە هەموو هێرشێک دەپارێزین"

هەروەها باکیرە سنجار، وتی: دەوڵەتی تورک لەلایەک و رژێمی سووریا لەلایەکەوە گەمارۆی ئەو ناوچانە دەدەن و لە لایەکەوە گەلەکەمان دەکەنە ئامانج، وەک ژنان ئەم هیرشانە بۆ لەناوبردنی شۆڕشی ژنان دەبینین، چەندین ساڵە کاردەکەین بۆ بنیاتنانی دەیان دەستکەوتی ژنان، بۆیە بە تایبەتی، ئەم شۆڕشە لە هەموو هێرشێک دەپارێزین و ڕێگە نادەین دەوڵەتی تورکیا هێرشمان بکاتە سەر، لەبەر ئەوەیە ئێمە لەسەر پێیەکانین و هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین. ڕۆح و پەرۆشی ئێمە زۆرن، چوونە مەیدانەکان و بەرزکردنەوەی دروشمی "بەرخۆدان ژیانە" بڕیار و خەباتمان پشتڕاست دەکاتەوە.