هەتاو ئەکرەمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای بەسەردا سەپێندرا

هەتاو ئەکرەمی، ژنێکی شاری بۆکان، بە تۆمەتی "ھاوکاریکردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان" سزای ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایگەیاند، ھەتاو ئەکرەمی خەڵکی تیکاب و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

 

ئەوەش زانراوە، ھەتاوی تەمەن ٤٢ ساڵ و دانیشتووی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە بە تۆمەتی “ھاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژھەڵات”، سزای ھەشت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام سزاکەی بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدراوە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای شۆڕشی ورمێ کراوە.

 

پێشتر ھەتاو ئەکرەمی، لەکاتی ھێرشی ھێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی ئینگیجەی سەر بە بۆکان بە بەکارھێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکراوە، دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکردن بە دانانی بارمتەی ٦ ملیار تمەن ئازادکرابوو.