هەڕەشەی زمان بڕین لە سەزەن ئاکسوو دەکرێت
سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی زمان بڕین لە هونەرمەند سەزەن ئاکسوو دەکات لەسەر ئەوەی لە گۆرانییەکیدا قسەی لەسەر ئادەم و حەوا کردووە.
ناوەندی هەواڵ
سەزەن ئاکسوو گۆرانیبێژێکی ڕەخنەگری تورکیایە و لەدوایین گۆرانیدا کە خۆی تێکستەکەی نووسیوە، دەڵێت: "ئادەم و حەوا بەهۆی دواکەوتووییەوە لە بەهەشتدا دەرکراون".
لە بەرامبەردا تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ لە مزگەوتێکی تورکیاوە قسەی لەسەر گۆرانییەکەی ئاکسوو کرد و وتی: "زمانت دەبڕم".
شەوی ڕابردوو سەزەن ئاکسوو بە هۆنراوەیەک وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و وتی: "تۆ بوویتە ڕاوچی و ئێمەش بووینە نێچیر، بەڵام ناتوانی دەنگمان کز بکەیت، من تەنها کەسێک نیم، بەڵکو ملیۆنان کەسم، ئەمە کێشەیەکی گشتییە و تەنها پەیوەندی بە منەوە نییە، بەڵکو کێشەی هەموو وڵاتە".
هۆنراوەکەی ئاکسوو بە دەیان زمانی جیهانیی وەرگێڕدراو ملیۆنان کەس وەک پشیتوانییەک بۆ ئەو هونەرمەندە لەسەر پەڕەکانی خۆیان بڵاویانکردەوە.
سەزەن ئاکسوو چەندین هەڵوێستی هەن بۆ پشتیوانی کورد، ساڵی ٢٠٠٢ بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد کردووە و گۆرانی کوردیی وتووە، هاوکات چەندین جار بەشداریی لە کۆنسێرتی کوردیدا کردووە.
جگەلەوەش لەکاتێکدا زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغەبوو، ئاکسوو لە کۆنسێرتێکیدا ژمارەیەک منداڵی کورد دەباتە سەر ستەیجی کۆنسێرتەکەی و گۆرانی کوردییان بۆ دەڵێت.