"هەڕەشەی جدی بۆ سەر مافەکانی ژنان درووستبووە"
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت: ساڵی ڕابردوو لە لایەن تاڵیبانەوە هەڕەشەی جدی بۆ سەر مافەکانی ژنان درووستبووە، داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەین لە ئەمساڵەوە پابەند بن بە بەڵێنەکانیان لەبارەی پاراستنی مافەكانی ژنان.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ساڵی ڕابردوو ساڵیکی زۆر سەخت بوو بۆ مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی مافی ژنان بە تایبەتی، چونکە لەلایەن تاڵیبانەوە هەڕەشەی جدی بۆ سەر مافە بنچینەییەکان و دادپەروەری و مافەکانی ژنان درووستبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەوڵەکانی چالاکوانانی مافەکانی ژنان نەک تەنها بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و دادپەروەرانە و گشتگیریش گرنگە.
جەختیان لەوەش کردووەتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا پاشەکشە کردن لە مافەکانی مرۆڤ و هێرشکردنە سەر داکۆکیکاران لە سەرانسەری جیهاندا زیادیکردووە و ڕێککەوتنەکانی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ لەم ساڵانەدا زیاتر لە هەموو کاتێک کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە.
داوا لە حکوومەتی وڵاتان دەکەن لە ئەمساڵەوە پابەند بن بە بەڵێنەکانیان و ڕۆڵی سەرەکی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە شەڕی دژی نادادپەروەری فەرامۆش نەکەن و شوێنێکی ئارامیان بۆ دابین بکەن.