هەڕەشە لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێت بەشداری گردبوونەوەکان نەکەن

بەڕێوەبەرەکان هەڕەشە لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەکەن لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە ئەگەر بەشداری گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان بکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- فەرمانبەرانی گرێبەست بەردەوامن لە گردبوونەوە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشوری کوردستان، داوادەکەن کە بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی و مافە ڕەواکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتی شاری هەڵەبجە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان، جیاواز لە پێشوو، ژمارەیەکی کەمی فەرمانبەران بەشداربوون، لە پرسیاری ئاژانسی نوژنها دەربارەی کەمی ژمارەیان، ئاماژەیان بەوەدا کە زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان هەڕەشەیان لە فەرمانبەرەکانیان کردووە ئەگەر بەشداری بکەن بە نەهاتوو هەژمار دەکرێن.

 

"تاکە داوای فەرمانبەرانی گرێبەست بە هەمیشەیی بوونە"

سالار جەبار، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەڵەبجە زیاد لە ٥٥٠ فەرمانبەرە و داوا دەکەن بکرێن بە هەمیشەی و تاکە داوای ئەوانە، "دووبارەی دەکەینەوە کە سێ ساڵمان تەواو کردووە، ئەم گردبوونەوانە دەبوو ٢٠١٣-٢٠١٤ بکرایە و ببوینایە بە هەمیشەیی. بەڵام لەبەر ئەو بارودۆخەی حکومەت تێیدا بوو داوامان نەکردووە."

 

نوینەری فەرمانبەرانی گرێبەست باسی لەوەشکرد نەبوونی ماف و ئەرکی زۆر وایکردوە جەخت لە گردبوونەوەوەکانمان بکەین، چونکە فەرمانبەرمان هەیە کاتی خانەنشین بوونیەتی بەڵام هێشتا گرێبەستە

"فەرمانبەرانی گرێبەست کاڵا و شمەک نین تاوەکو کوالێتیان لەسەر دابنێن"

هێشوو عەبدول، فەرمانبەری گرێبەست، باس لەوەدەکات حکومەت بێ باکە لەوەی کە ئێمە گرێبەستین، من یانزە ساڵە گرێبەستم و تازە بە تازە وتەبێژی حکومەت دەڵێت کە فەرمانبەرانی گرێبەست کوالێتیان نییە، ئێمە کاڵا و شتومەک و بەنزین نین کە کوالێتیمان نەبێت.

 

هێشوو داوا لە حکومەت دەکات کە ئیتر بەس بێت و وەک مامۆستایان بیانکەنە هەمیشەیی.

 

ت.پ