هەسەدە لە بارەى کۆمەڵکوژییەکەى کۆبانییەوە ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە

هێزەکانى سووریاى دیموکراتیک بڵاوىکردەوە، گرووپەکانى سەر بە جۆلانى لە گوندی خەراب عشک، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانی کۆمەڵکوژییەکی ترسناکیان ئەنجامدا، ئەوەش دوای تۆپبارانی چڕی گوندەکە هات، بە کەڵک وەرگرتن لە تۆپخانە و تانک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانى سووریاى دیموکراتیک "هەسەدە" سەبارەت بە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانى چەتەکانى جۆلانى و دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بۆ سەر هاووڵاتییانى مەدەنى لە کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گرووپەکانى سەر بە جۆلانى لە گوندی خەراب عشک، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانی کۆمەڵکوژییەکی ترسناکیان ئەنجام دا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون، کە هەموویان مەدەنى بوون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تۆپبارانەکە بووە هۆی وێرانبوونی تەواوەتی ماڵی ئەو هاووڵاتییانە، هەروەها بریندارەکان بۆ چارەسەری پزیشکیی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، بەڵام تەرمی شەهیدەکان بەهۆی توندی بۆردوومانەکەوە لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێرشەکان بە تۆپخانە و تانک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجام دراوە.