هێرشی سەریەکتر و سەرکوتی ناوخۆیی ژیانی خەڵکی مەدەنی لە ئێران دەخاتە مەترسییەوە
چالاکوانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی ناوچەیی نیگەرانییەکی زۆریان سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی مرۆیی ئێران دەربڕی، کە هاوڵاتیان خۆیان لە نێوان ململانێی دەرەکی و چەوساندنەوەی ناوخۆییدا دەبیننەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ نۆیەمین ڕۆژی لەسەریەک، زیانی گیانی بەربڵاوی مرۆیی و زیانی ماددی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە، هەرچەندە چڕی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ڕوانگەی سەربازییەوە بە توندتر مەزەندە دەکرێت، بەڵام نیگەرانی چاودێران سەبارەت بە دەرئەنجامە ترسناکەکانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیادی کردووە.
بە وتەی شارەزایانی بواری ژینگە، هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ دەردانی گەردیلە وردەکانی پیسبوو بە ماددە تیشکدەرەکان دەبێت، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی گشتی و بەتایبەتی سیستەمی هەناسەدان دروست دەکات، سەرەڕای هۆشداریی ڕاستەقینە، دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ ڕێوشوێنێکی بۆ پاراستنی دانیشتوانیان نەگرتووەتەبەر و بێدەنگییان تەنیا ترسی ئەوانی زیاتر کردووە.
چالاکوانان نیگەرانی خۆیان لە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەربڕیوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گەلی ئێران بەرەوڕووی "مەرگێکی خاو" دەبێتەوە، جا لەئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بێت، چ لە ئەنجامی فیشەک، یان زنجیرەی مردن، یان تۆزی ژەهراوی بێت.
هاوکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە چۆڵکردنی سنووردارکردنی دانیشتووانی تاران دەکەن، هەنگاوێک کە تەنیا بەشێکی کەمی دانیشتووانی گرتۆتەوە، شەپۆلێکی قەیرانی دەروونی و کۆمەڵایەتیی لێکەوتووەتەوە، بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوو لەسەر سێی دانیشتووانی تاران ناتوانن شارەکە بەجێبهێڵن، توانای داراییان نییە بۆ ئەو کارە، لە شوێنەکانی دیکەی وڵاتدا پەناگەیان نییە.
لەلایەکی دیکەوە، پچڕانی ئینتەرنێتی سەرتاسەری وڵات، کە ئێستا لە سێیەم ڕۆژیدایە، نیگەرانییەکانی لەسەر پچڕانی هاوڵاتیانی بە تەواوی لە جیهاندا دروستکردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەت باسی لە ئەگەری جێبەجێکردنی "ئینتەرنێتی نیشتمانی" کرد، کە چالاکوانی سیاسەت پێیان وایە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ڕەوتی زانیاری و قۆرخکردنی گەلی ئێرانە.
زیادبوونی شەپۆلی دەستگیرکردنەکان ناسەقامگیری ناوخۆیی زیاتر کردووە، دوێنێ سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، یەکەمی تەمموز "دوا هەلە بۆ ڕادەستکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە فریودراون"، هەر لەو پێوەندییەدا، دوێنێ هەواڵی دەستگیرکردنی ٥٤ کەس لە خوزستان و دوو کەس لە تاران بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ موساد" بڵاوبووەوە، کە کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان بۆ زیاتر لە ٣٥٠ کەس بەرزبووەوە.
چالاکوانی مافی مرۆڤ پێیانوایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران دۆخی شەڕیان بۆ چڕکردنەوەی سەرکوتی ناوخۆیی قۆستۆتەوە، هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردۆتە بیانوو بۆ چڕکردنەوەی لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، زیندانیان بە تایبەت ژنان تووشی فشاری دەروونی و ئاسایشی دەبن، هەواڵەکان باس لە تێکچوونی بارودۆخی زیندانەکان دەکەن.
لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەسەڵاتداران هەزاران سەربازیان ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە، لە ترسی شەپۆلی دووەمی ڕاپەڕینی کۆمەڵگە، ژینگەیەکی ئاسایشی توندیان بەسەر دانیشتووانەکەدا سەپاندووە، لە کاتێکدا ئەم هێزانە لە ترسی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە بنکە و ناوەندە فەرمییەکان کشاونەتەوە، بەڵام مزگەوت و خوێندنگە و پەرتوکخانە، تەنانەت ماڵی هاوڵاتییانیان کردووە بە پەناگەی کاتی و بێ گوێدانە دەرئەنجامەکانی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.
دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن مرۆڤەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، بەڵام ئەم سیاسەتە ئاسایش ناهێنێت؛ بەڵکو مەترسییەکە زیاتر دەکات، مرۆڤەکان بێدەسەڵات و تەنیا دەهێڵێتەوە، لەناو بڵێسەی سەرکوت و هێرشی دەرەکیدا.
هەروەها زیندانیانی ژن لە ناو زیندانەوە نامەیان ناردووە، لێکدانەوەی لێکەوتەکانی ئەم شەڕەیان کردووە، داوای هەنگاوی خێرا لە لایەن هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە خنکێنەرە، جەخت لەسەر پێویستی هاودەنگی و ڕێکخستنی نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تەڤگەرە هاوبیرەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران دەکەنەوە، ئەوان پێیان وایە ئەم هاودەنگییە دەتوانێت بارگرانی ئەم شەڕە لەسەر هاوڵاتیان کەم بکاتەوە، دەنگی بەرخۆدانی مەدەنی گەورە بکات.
داوایان لە هونەرمەندان، نووسەران، وەرزشوانان و چالاکوانی کۆمەڵایەتی کرد، بێدەنگی بشکێنن، لە ڕێگەی کردەی کردەیی هاوپشتی مرۆیی و ئەخلاقی خۆیان لەگەڵ گەلی ئێران نیشان بدەن.