هێرشی سەر ئێران بووە هۆی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە ناوخۆی ئێران
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران بە شەپۆلێکی تەقینەوە دەستی پێکرد کە پایتەختی هەژاند، دوکەڵیش لەو ناوچانە بەرزبووەوە کە لەڕووی ئەمنییەوە بە هەستیارترین ناوچە دادەنرێت، هەروەها وڵاتەکە شاهیدی پچڕانی ئینتەرنێتە.
ناوەندی هەواڵ
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی هەستیارترەوە، لە کاتێکدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ساڵانێکە بە زنجیرەیەک قەیرانەوە دیارە، پێشهاتەکانی ئەم دواییە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی مەودای پەرەسەندنەکانە، جا چ لە ڕێگەی کردەوەی سەربازی لە ناوچەکەدا بێت یان لە ڕێگەی فشارە ئابووری و ئەلیکترۆنییە هاوبەشەکانەوە.
بەرەبەیانی ٢٨ی شوبات، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران دەستپێکرد، لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی دەنگی بەرز و دوکەڵ لە چەند ناوچەیەکی شارەکەوە بەرزبووەوە، لەوانە پاستور، سەید خەندان و شەقامی چمهوری، دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە کە هێرشەکان شوێنە هەستیارەکانیان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا وەزارەتی بەرگری، هەرچەندە ئەمە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە نزیکەی ٣٠ ئامانج لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان کراون، لەوانەش شوێنەکانی سەرۆکایەتی و هەواڵگری.
ئیسرائیل هێرشەکەی بە کارێکی "پێشوەختە" بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە دژی خۆی ناساند و دۆخی ئامادەباشی خۆی بەرزکردەوە و هۆشداریدا لە ئەگەری هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دانیشتووانەکەیان خستە حاڵەتی ئامادەباشی زۆرەوە.
ئەم هێرشە دوای کۆتایی هاتنی خولێکی بێ بەرهەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ هات، بەو پێشبینییەی کە هەفتەی داهاتوو دەست پێبکەنەوە.
لەگەڵ درێژەی هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەواڵەکان سەبارەت بە پچڕانی ئینتەرنێت و هاککردنی ماڵپەڕە هەواڵییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لەوان ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران ”ISNA” و ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ”IRNA” سەریان هەڵدا.
هاوکات لەگەڵ هێرشە ئەلیکترۆنیەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەمنی و میدیاییەکانی ئێران، هێرشەکان هەموو شارەکانی ئێران گرتەوە، ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازییە سەرەکییەکانی ئێران لە تاران، کەرەج، ئیسفەهان، قوم، تەورێز، بوشێهر، لوڕستان، کرماشان، سنە، ئیلام، ورمێ و سیستان و بەلووچستان سەریان هەڵداوە.
ڕاپۆرتی نافەرمی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەش و موحسین ئێجی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاوبووەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمانە پشتڕاست نەکراونەتەوە، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە، شوێنی نیشتەجێبوونی خامنەیی ڕێبەری گەورەی ئینقلابی ئیسلامی و دامەزراوەی سەرۆکایەتی بوو.
هەروەها هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆ سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە هەواڵییەکانی ئێران، بەشێک بوون لە هەڵمەتێکی فراوانتر کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەستیپێکردبوو، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە میدیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران (IRNA و ISNA) هاک کران.
نێتبلۆکس”Netblocks” کە ڕێکخراوێکی جیهانییە بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت، ڕایگەیاند، داتاکانی تۆڕەکان دەریدەخەن کە ئێران ئێستا "لە ناوەڕاستی پچڕانی ئینتەرنێتی کۆی گشتیدایە" و پەیوەندی ئینتەرنێتی سەرتاسەری وڵات بۆ لە٤٪ دابەزیوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پشتگیری لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد و داوای لە سوپای ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کرد، خۆیان ڕادەست بکەن، هەروەها ئەو هێرشانە لە وەڵامی داخوازییەکانی گەلی ئێران بووە. دوابەدوای فراوانبوونی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، سوپای پاسداران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لە دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و هەواڵەکان سەبارەت بە هەڵدانی مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەرکەوتن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کوێت، بەحرەین، ئوردن، قەتەر و ئیسرائیل لە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئێراندا کراونەتە ئامانج، لەم وڵاتانە و لە نزیک دامەزراوە سەربازییەکان دەنگی تەقینەوەیەکی بەرز دەبیسترا، هەروەها هەواڵی لەناوبردنی مووشەکەکانی ئێرانیش بڵاوکرایەوە، تا ئێستا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە قوربانییەکان و بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.