هێرشی مووشەکی کرایە سەر هەولێر و کوژراو برینداری لێکەوتەوە

شەوی ڕابردوو هێرشی موشەکی کرایە سەر هەولێر، بە هۆیەوە ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦ کەسیش بریندار بوون، یونامی دەڵێت: خەڵکی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ١٥ی کانوونی دووەم، هەر یەک لە ناوچەکانی بەستورە، پیرمام، سەری ڕەش، مەلا عومەر، ناوچەی کۆرنوش، شەقڵاوە، بنەسڵاوە، مەسیف و خەلیفان بە چەند موشەکێک بۆردوومان کران.

 

دوای هێرشەکە سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەرپرسیارێتی خۆیان ڕاگەیاندووە لە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم و عێراق.

 

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵێکی کچی یەک ساڵانە و ٦ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

هێرشەکە زیانی بە ماڵی ژمارەیەک هاوڵاتیی گەیاندووە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵانی شکاندووە، ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیانی باشوور و بە تایبەت هەولێر دروست بووە.

 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق "یونامی" ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەتووندی هێرشی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر چەند شوێنێکی هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئیدانە دەکەین، بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنی زیانیان بەرکەوت.