هێرشێک لە باکووری کۆردۆفان ٢٣ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

گوندی جمامە لە باکووری کۆردۆفان شایەتحاڵی هێرشێکی ڕێپێوانێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بوو کە لەئەنجامدا زیانی گیانی و برینداری لێکەوتەوە، ئەم ڕووداوە شەرمەزارکردنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە هێرش و تاڵانکردن و تێکدانیان بەڵگەدار کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کاردانەوەکانی شەڕی سودان خراپتر بووە، چونکە شەڕو پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا چڕتر بووەتەوە، کە بووە هۆی زیادبوونی زیانبەرکەوتووان، وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی ئابووری، هەروەها شەپۆلی گەورەی ئاوارەبوون کە هەڕەشە لە دۆخی مرۆیی دەکات و وڵاتەکە بەرەو قەیرانێک پاڵدەنێت کە ڕۆژانە قووڵتر دەبێتەوە.

 

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی پزیشکی، ٢٩ی تەمووز، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشی کردە سەر گوندی جمامە لە باکووری کۆردۆفان، ٩ هاوڵاتیی مەدەنی کوژران، ئاماژەی بەوەدا کە بۆردوومانکردنی گوندەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نۆ کەس و برینداربوونی ١٤ کەسی دیکە.

 

ناوچەی جمامە لە باکووری ڕۆژئاوای شاری بارا شاهیدی شەپۆلێکی شەرمەزارکردنی مافەکانی مرۆڤ بووە دوای ڕاپۆرتەکانی پێشێلکاری بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی، گروپی پارێزەرانی فریاگوزاری ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردووەتە سەر دانیشتوان و ماڵەکان، جگە لە تاڵانکردن و تێکدانی بازاڕی جمامە.

 

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا توندتر بووە لەو کاتەوەی کە ئەم دووەمیان کۆنترۆڵی ناوچەی دارفوریان لە خۆرئاوادا گرتووە، بە شێوەیەکی زۆر پشتیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەستووە، کە بە وتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار سودانی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کوشتووە، کاردانەوەکانی ئەو شەڕەی کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لە سودان سەریهەڵدا بەردەوامە و لە ئەنجامدا زیانی مرۆیی و داروپەردووی بەرفراوانی لێکەوتەوە، خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەن بۆ مردن و برینداربوونی هەزاران کەس لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا دەکەن، هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ژێرخانی گرنگیان کردووەتە ئامانج، لەوانە نەخۆشخانەکان، ڕێگاوبانەکان و تۆڕەکانی کارەبا و ئاو، کە ئەمەش خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی لەکارخستوور کە هاوڵاتیانی مەدەنی بۆ ژیانی ڕۆژانەیان پشتی پێدەبەستن.

 

لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی نێوان لایەنەکان، شەپۆلی ئاوارەبوونی ناوخۆیی و دەرەکی پەرەی سەندووە و ملیۆنان کەس لە ناوچە جێناکۆکەکان ئاوارەبوون، هۆشداری نێودەوڵەتی سەبارەت بە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی و مەترسییەکانی بۆ سەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دەرچووە.