هەرێمی کوردستان، لەماوەی هەفتەیەکدا چوار ژن کوژراون

بەهۆی دۆخی قەیران و نەبوونی سیستمێکەوە کە کۆمەڵگە و تاک تێیدا ئاسوودەبن و ژیانێکی سەقامگیریان هەبێت کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، لە ماوەی یەک هەفتەشدا ٤ ژن خۆیان کوشتووە یان کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگا و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەرپرسن لە ڕووداوەکانی لەناوبردنی ژنان، بەڵام بەهۆی شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن خێزانی ژنانی کوژراوەوە، بیانووی شەرەف، نەخۆشی دەروونی و هەبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی دەدرێتە پاڵ کوشتنی ژنان.

 

ئامارەکانی کوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبوونە، لە ماوەی یەک هەفتەشدا زیاتر لە پێنج ژن کوژراون یاخود بە هۆکارێکی نادیار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

لە ٨ی ئەم مانگەدا و لە شارۆچکەی کفری سەر بەئیدارەی گەرمیان ژنێک بەناوی لەیلا فازڵ لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨، خۆی سوتاند و گیانی لەدەست دا.

بەهۆی سوتانی بەشی زۆری جەستەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەیشی کوڕێکی بەشێکی دەستی دەسوتێت.

 

لە ١٣ی ئەم مانگەدا دوو ڕووداوی خۆکوژی لە دوو ناوچەی جیادا تۆمارکرا یەکێک لە ژنەکان بەناوی ئ. ا. لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ دانیشتووی شارەدێی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف لە ماڵەکەیدا خۆی دەکوژێت.

 

هەر هەمان ڕۆژ ژنێک بە ناوی سابین خالید، ٢٣ ساڵ، دانیشتووی ڕانیە و خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بوو لە شاری سلێمانی، بە گوێرەی وتەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین شوێنەواری بڕینی پەت، بە ملی ژنەکەوە بووە، لە دوای توێکاری تەرمی ژنەکە دەرکەووتووە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە، ئەم هەواڵە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووە و بیانووی نەخۆشی دەروونی درایە پاڵ خۆکوشتنی سابینی ٢٣ ساڵ.

 

ئێوارەی دوێنێ ١٦ی مانگ لە شاری هەولێر ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ کە خاوەنی ٣ مناڵ بووە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەکوژرێت، بەگوێرەی قسەی دایکی ژنەکە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی ئەوەی بەردەوام لە ژنە کوژراوەکە دەدرێت، تۆراوە، ئێوارەی دوێنێش ئەو پیاوە لەگەڵ سێ برایدا هەڵدەکوتنە سەر ماڵیان و دەیکوژن.

دایکی ژنەکە ئاماژەی بەوەداوە ماوەی ٨ ساڵە کچەکەیان بەردەوام لێی دەدرێت لەلایەن هاوژینەکەیەوە، دوای ئەوەی کچەکەیان بڕیاری جیابوونەوە دەدات لە پێش سەری ساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی، چەندین جار هەڕەشەی لێدەکرێت لەلایەن هاوژین و براکانی هاوژینەکەیوە، تا ئێوارەی دوێنێ هەڵدەکوتنە سەر ماڵی دایکی و ژنەکە دەکوژن، لەو کردەیەشدا چەکی جۆری تاپڕیان بەکارهێناوە.

 

ئەم ڕووداوی کوشتنانە ئەو هەواڵانەن کە بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندراون، چەندین ژن کوشتنی دیکە هەیە کە ئاشکرا ناکرێن و بە بێدەنگی کۆتایی بە دۆسیەکە دەهێنن، هەموو ئەمانەش لەژێر ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و بە بیانووی شەرەف و کێشەی دەروونی بێدەنگەیان لێدەکرێت و تاوانبار بە سزای خۆی نەگەیەندرێت.

 

ت.پ