هەرێمی کوردستان ٩٢٧،٩١٠ ئاوارەی لەخۆگرتووە و ٣٦ کامپی نیشتەجێبوونی تێدایە
بەپێی راپۆرتی مرۆیی هەرێمی کوردستان ٩٢٧ هەزار و ٩١٠ ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، لەو ژمارەیەش ٧٣٪یان لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین، زۆرینەشیان لە پارێزگای هەولێردا نیشتەجێن.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی "ڕاپۆرتی مرۆیی" ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەرانەکانی هەرێمی کوردستان، ٩٢٧ هەزار و ٩١٠ ئاوارە و پەنابەری ناوخۆ و دەرەوە لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە.
بەپێی ئەو ئامارەی لە ڕاپۆرتەکەدا بڵاوکراوەتەوە لەو ژمارە پەنابەرە ٦٦٦ هەزار و ٩٥٨ کەسیان ئاوارەی ناوخۆن و ٢٤٠ هەزار و ٧٩٤'یان پەنابەری سورین، ٨،٦٦١ پەنابەر لە تورکیا، ١٠ هەزار و ٦٦٩ پەنابەر لە ئێرانەوە هاتوون، هەروەها هەرێمی کوردستان ٧٤٦ پەنابەری فەڵەستینی، ٨٢ پەنابەری دیکەی وڵاتانی جیهانی لەخۆگرتووە.
ژمارەی کامپەکانی هەرێمیش کە ٢٧٪ی ئاوارەکانی تێدا دەژین ٣٦ کامپە، لە ٩٢٧ هەزار و ٩١٠ ئاوارە و پەنابەر ٧٣٪یان لە دەرەوەی کامپەکاندا دەژین.
بە پلەی یەکەم دهۆک دێت کە ٢١ کامپی تێدایە، دوا بەدوای ئەوە هەولێر بە ١٠ کامپ و لە سلێمانی ٥ کامپی ئاوارە و پەنابەرانی لێیە.
لە کۆی ئەو ژمارەیەش ١١٩ پەنابەر گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و ٣٢٦١ ئاوارەی ناوخۆش چوونەتەوە زێدی خۆیان.
دابەشبوونیشیان بەم شێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر، ٤١٪
پارێزگای دهۆک، ٤٠٪
پارێزگای سلێمانی ١٩٪
ت.پ