هەرانا: لە دوای سەرهەڵدانی گرژییە ناوچەییەکان، ٥٠ لەسێدارەدان و ٦٥٠٠ دەستگیرکردن ئەنجامدراوە

ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای سەرهەڵدانی تێکهەڵچوونی سەربازییەوە پەرەی سەندووە، هەرانا ٥٠ لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی بە نزیکەی ٦٥٠٠ کەسی بەڵگەدار کردووە، لەگەڵ هەزاران زیانبەرکەوتوو و کۆی گشتی پچڕانی ئینتەرنێت.

ناوەندی هەواڵ- دەسەڵاتی دادوەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێبازێکی توندتر لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیانەی کە بە قورسی پۆلێنکراون دەگرێتەبەر، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم تۆمەتانە دەکرێت سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و زیادبوونی فشارە ناوخۆییەکانە لە چوارچێوەیەکی سیاسی گرژدا.

 

ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ (هەرانا) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بەناونیشانی "لە نێوان مووشەک و دەنگە بێدەنگکەرەکان" بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بەربڵاوی ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە لە سەرەتای دەستپێکی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە.

 

ڕوونی کردەوە، کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە نێوان ٢٦ی شوبات تا ١٣ی ئایار بە لانیکەم ٥٠ لەسێدارەدانیان ئەنجامداوە، ئەو ماوەیەی کە تاران بە شێوەیەکی کاریگەر دۆخی شەڕی ڕاگەیاندووە بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە دەستگیرکردنی بە نزیکەی ٦٥٠٠ کەسی بە تۆمەتی "زۆر جددی" پێناسە کردووە، بەگوێرەی لێدوانەکانی سەرۆکی دەزگای قەزایی ئێران، هەر تۆمەتێکی قورس دەکرێت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی زیادبوونی ئەگەری لەسێدارەدانەکان لە ماوەی داهاتوودا دروست دەکات.

 

سەبارەت بە زیانە مرۆییەکان، لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە ٣٦٣٦ کەس لە هێرشە ئاسمانییەکان کوژراون کە ١٧٠١ کەسیان مەدەنی و ١٢٢١ سەرباز و ٣٠٧یان منداڵ بوون.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە پچڕانی ئینتەرنێتی نزیک بە کۆی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە، کە پەیوەندییەکان لە ١٪ی ئاستی ئاسایی کەمتر بووە، ئەم پچڕانە بووە هۆی تێکچوونی کارکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و ڕێگری لە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و پەکخستنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.

 

ڕاپۆرتەکە وێنەیەکی تاریکی دۆخی مرۆیی و ئەمنی وڵاتەکە دەکێشێت، کە پەرەسەندنی سەربازی دەرەکی هاوکاتە لەگەڵ سەرکوتی ناوخۆیی کە دەنگە ناڕازیەکان دەکاتە ئامانج و ئازارەکانی دانیشتووان توندتر دەکات