هەر دوو خولەکێک دایکێک گیان لەدەستدەدات
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردووەتەوە، لە ساڵی 2020دا ژمارەی ئەو دایكانەی گیانیان لەدەستداوە 287 هەزار كەس بووە، دیارترین هۆكارەكانیش منداڵبوون و نەخۆشیەكانی ئایدز و مەلاریان.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی 2020دا نزیكەی 287 هەزار ژن لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی بوون بە دایك بووە، بەو پێیەش هەر رۆژێك 800 دایك و لە هەر دوو خولەكێکدا دایكێك گیانی لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو ژمارەیە بەراورد بە 20 ساڵ پێش ئێستا كەمیكردووە و بارودۆخی دایكان بەرەو باشتر ٌۆیشتووە كە دوو دەیە پێش ئێستا 446 هەزار دایك لە ساڵێكدا گیانیان لەدەستداوە.
باس لەوەش كراوە، لەكاتێكدا ژمارەی گیان لەدەستدانی ژنانی دووگیان یاخود لەكاتی منداڵبووندا كەمیكردووە لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2015، بەڵام لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا بەجێگیری ماوەتەوە و تەنانەت لە هەندێك ناوچەدا زیادی كردووە.
بەپێی ئامارەكان، 70%ی گیان لەدەستدانەكان لە كیشوەری ئەفریقان بەدوای ئەویشدا ئاسیا دێت كە 17%ی گیانلەدەستدان لەو كیشوەرەن، لە دیارترین هۆكارەكانیش "خوێنبەربوونی توند، لەبارچوون و نەخۆشیەكانی وەك ڤایرۆسی ئایدز و مەلاریا"ن.