هەڵمەتی ئازادی بۆ وریشە مورادی: زیندانیانی ژن لە زیندانی قەرچەک لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن
هەڵمەتی ئازادی بۆ وریشە مورادی پشتڕاستی کردەوە کە زانیارییان پێگەیشتووە، ئەو زیندانیانەی لە زیندانی ئێڤینەوە گواستراونەوە، لەناویاندا وریشە مورادی، لە ئێستادا لە ژوورەکانی کەرەنتینە لە زیندانی قەرچەکدا ڕاگیراون و دەستیان بە خزمەتگوزاری ناگات.

ناوەندی هەواڵ
بارودۆخی زیندانیانی ژن لە زیندانەکانی قەرچەک و ورامین بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرەو خراپی دەچێت، لەگەڵ زیادبوونی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە بارودۆخی دەستبەسەرکردن کە بە "نامرۆڤانە" پێناسە دەکرێت، ئەمەش بە تایبەتی دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل چەند زیندانییەکی ژن لە زیندانی ئێڤینەوە گوازرانەوە، ئێستا ژنە زیندانییەکان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر گەورەتر دەکات.
هەڵمەتی ئازادی بۆ وریشە مورادی لە ڕاگەیەدراوێکدا نیگەرانییەکی زۆری لە بارودۆخی زیندانیانی سیاسی کە لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی قەرچەک و ورامین گواستراونەتەوە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین دەربڕی، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو زیندانییە ژنانەی لە باڵی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی قەرچەک لە ورامین، تا ئێستاش لە ژوورەکانی کەرەنتینەدا ڕاگیراون بەبێ ئەوەی دەستیان بە خۆراک و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە پزیشکییە سەرەتاییەکان بگات، زۆرێک لەو زیندانیانە لە کاتی گواستنەوەی گرژ و توندوتیژی لە ئێڤینەوە بۆ قەرچاک دەستیان بە دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی ڕۆژانەیان نەدەگەیشت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو زیندانیانە لە نێویاندا وریشە مورادی کە سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، لە زیندانی ئێڤین لە خزمەتی پزیشکی بێبەش کراون، ڕێگرییان لێ کراوە کە بگوازرێنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان، سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان، بارودۆخی ئێستای زیندانی قەرچاک زۆر سەختتر و دڵەڕاوکێیەکی ترە لەچاو ئەوانەی لە زیندانی ئێڤینن، تا ئەو ڕادەیەی کە زیندانییەکان تەنانەت سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤیشیان لێ زەوت دەکرێت، وەک ئاوی پاکی خواردنەوە و جێگایەک بۆ خەوتن.
هەڵمەتەکە نیگەرانی قوڵی خۆی لە بارودۆخی زیندانیان و بە تایبەت وریشە مورادی دەربڕی، وتی: ئێمە دەسەڵاتدارانی ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە ژیانی ئەوان و لێکەوتەی ئەو بارودۆخە نامرۆڤانەیە، داوا لە گەلی ئێران، بیروبۆچوونی گشتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە فشارەکان بۆ سەر حکومەتی ئێران چڕتر بکەنەوە کە بەپەلە ڕوبەڕوی دۆخی ئەو زیندانیانە ببنەوە و داوای ئازادکردنی بێ مەرج بکەن.