هەڵمەتی تاژێ بۆ خۆپاراستن کۆتایی هات

هەڵمەتی تاژێ بە دروشمی "لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن" کە لە ٨ی ئاداری ئەمساڵەوە دەستیان پێ کردبوو، بە ڕاگەیەندراوێک کۆتایی هات.

شەنگال

 

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدیی "تاژێ"، لە ٨ی ئاداری ئەمساڵ هەڵمەتی بە دروشمی "لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن"ـیان دەست پێ کرد، لەم چوارچێوەیەدا، لە شەنگال و عێراق و دەرەوەی وڵات، سەدان چالاکی جیاواز ئەنجام دران، دوێنێ ٨ی ئاب، بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیەندراوێک، ئەنجامی هەڵمەتەکەیان خستەڕوو و کۆتاییان پێ هێنا.

 

ڕاگەیاندراوەکەی تاژێ لەلایەن سوهام شەنگالی، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە: سوپاسی سەرجەم ڕێکخراو و لایەنەکان دەکەین کە بەشداری ئەم کەمپەینە بوون، لە ئاستی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەورووپا و ئاسیا و ئەفریقا و ڕووسیا، ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی ژنان پشتیوانییەکی فراوانیان کرد لەم کەمپەینە، هەر ژنێک لەم کەمپەینەدا ڕەنج و تێکۆشان و ماندووبوونی بینیوە سوپاسی دەکەین.

 

گەورەترین هێز یەکڕیزی ژنانە

ڕەنگە ئەو هەڵمەتە کۆتایی هاتبێت، بەڵام تا ئێستا ژنان تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بوون، لەوانە کوشتن و ناچارکردن بە خۆکوشتن و لەسێدارەدان، ئەمەش بەو مانایەیە کە جینۆساید بەردەوامە، مانای ئەوەیە خەباتی خۆپاراستن بۆ ژیانێکی یەکسان و دیموکراسی بەردەوام دەبێت، پێویستە بە تێکۆشان و یەکڕیزی و بەرخۆدانی هاوبەشی ژنان گوێ لە دەسەڵات بگرن و تەختی دەسەڵات لەناو ببەن، با جیهان بزانێت کە گەورەترین هێز یەکڕیزی ژنانە، ئەم یەکگرتنە کۆتایی بەو عەقڵیەتە دەهێنێط کە بە کوشتنی ژن ژیان دەکوژێت، هەموو مرۆڤێک، هەموو ژنێک مافی ئەوەی هەیە ژیانێکی ئازاد بژی، گرنگ نییە هەرچییەک بێت و باجەکەی هەرچییەک بێت، ئێمە پێمان وایە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کە "ژن، ژیان، ئازادی"، هەروەها بە یەکگرتوویی تەواوەوە ژنانی نێودەوڵەتی، کۆتایی بە جینۆسایدی ژنان دەهێنین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین.

 

چالاکییەکە بە وتنەوەی درووشمی "ژن ژیان ئازادیی" و "بژی بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنان" کۆتایی هات.\

 

"تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت"

 ئەمشە کۆرکۆرکی، ئەندامی تاژێ وتی: لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تا ساڵیادی فەرمانەکە بە دروشمی "لە دژی قڕکردنی ژنان ببە دەنگی خۆپاراستن" دەستمان بە هەڵمەتێک کرد، لەم ماوەیەدا تاژێ هەنگاوی لە دژی کوشتن و دڕندەیی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و ڕفاندن و هەموو جۆرە توندوتیژییەک گرتەبەر، هەڵمەتەکە چالاکانە بەردەوام بوو، بێگومان ئەم هەڵمەتە کۆتایی بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی نەهێنا. بەڵام هێز و ئیرادەی ژنان و بەتایبەت ژنانی ئێزدی بەهێزتر کرد، لەو شوێنانەی دڕندەیی و دەستدرێژی بەرامبەر ژنان هەبێت، پێویستە ژنانی ئێزیدی و هەموو ئەو ژنانەی ئازادن دەست بۆ ئەو ژنە درێژ بکەن و ڕزگاری بکەن، ژنانی ئێزیدی ژنی پێش فەرمانەکە نین، ئەمڕۆ ژنی ئێزیدی بە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕێکدەخات، دەستخۆشی لە هەموو ڕێکخراو و ژنێک دەکەین کە پاڵپشتی ئێمە و تەڤگەرەکەمان بوون، هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ژنێکی ئازادیخواز دەخوازین.