هەڵمەتی سێشەمەکان: بە هەڕەشەکردن خێزانی زیندانییانی سیاسی بێدەنگ دەکرێن
هەڵمەتی “سێشەمەکان نا بۆ لەسێدارەدان” ڕایگەیاند، وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگەی هەڕەشەوە خێزانی زیندانییانی سیاسی ناچار بە بێدەنگی دەکات، ئەوەشی ڕاگەیاند، شەش زیندانیی سیاسیی مەترسیی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
لە ١٢٣ـەمین هەفتەی خۆیدا هەڵمەتی”سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، مانگرتن لە خواردن لە ٥٦ زیندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی سزای لەسێدارەدان بەردەوامە، ڕژێمی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی توڕەیی گشتی بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە پەنای بردووەتە بەر سەرکوت و لە سێدارەدانی هاووڵاتیان، هاوکات لەم هەفتەیەدا دوو زیندانیی سیاسیی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییەیی گەلانی ئێران بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەمەدینیا لە زیندانی قزلحەسار لە سێدارە دراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگەی هەڕەشە و تووڕەیییەوە خێزانی زیندانییانی سیاسی ناچار بە بێدەنگی دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سزای لەسێدارەدانی زارا تەبەری، ڕەئووف مەعرووفی، محەمەد فەرەجی، بنیامین نەقدی و دوو برا بە ناوەکانی حەسەن و حوسێن ئەمیری پەسەند کراوە و مەترسیی جێبەجێکردنیان لەسەرە.
باس لەوەشکراوە، لە ماوەی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە کۆمەڵگەی یارسان بە ناوەکانی موجتەبا و مەیسم وەیسی لە کاتی هێرشی پاسداران بۆ سەر شوێنی مانەوەیان کوژران، ئەندامانی هەڵمەتەکە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە بۆ ڕاگرتنی ئەم کوشتارە بەپەلە بێنە دەنگ.
زیندانەکانی ئێڤین، قەزلحەسار، کەرەج، شیراز، مەشهەد و زۆربەی زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سنە و ورمێ بەشدارن لەم مانگرتنە گشتییەدا.
جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی“سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەك ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.