هەڵمەتی "شوێنێک بۆ ئۆجالان" دەستپێدەکات

هەڵمەتێک بە ناوی "شوێنێک بۆ ئۆجالان" دەستپێدەکات و زۆرێک لە چالاکوانان، ئەکادیمیست و کەسایەتییە ناسراوە جیهانییەکان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیان پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ڕادەگەیەنن.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێشەنگایەتی فێدریکۆ ڕاکا، هونەرمەندی ئەرجەنتینی و گرووپێک لە هونەرمەندان هەڵمەتێکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵمەتی "ئازادیی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"  بە ناوی "شوێنێک بۆ ئۆجالان"  دەستپێکردو زۆرێک لە چالاکوانان، ئەکادیمیست و کەسایەتییە ناسراوە جیهانییەکان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیان پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە ڕادەگەیەنن.

 

دەقی بانگەوازییەکەی هەڵمەتی هونەرمەندان بەم شێوەیەیە:

“لە تێکۆشان بۆ گەلی کورد و عەبدوڵا ئۆجالاندا، ئێمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە ناوی ‘شوێنێک بۆ ئۆجالان’، دەست بە چالاکییەکی هونەری دەکەین. هەڵمەتی ‘شوێنێک بۆ ئۆجالان’ لە چەند دیمەنێک پێکهاتووە کە گرنگییەکی تایبەتی بۆمان هەیە و دەمانەوێت بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوی بکەینەوە.

 

شوێنێک بۆ ئۆجالان بەشداری تێکۆشانی ئازادیی دەبێت کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە چوارچێوەی هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ ئۆجالان’ بە هەوڵدان و بزووتنەوەی جۆراوجۆر دەستی پێکرد (بۆ نموونە نامەی داوای ئازادیی ئۆجالان لە ساڵی ٢٠٢٤ کە لەلایەن ٦٩ کەسایەتی هەڵگری خەڵاتی نۆبڵەوە بڵاوکرایەوە). ئێمە داوا لە هەموو کەسێک دەکەین ڤیدیۆی خۆیان تۆمار بکەن و لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا بڵاوی بکەنەوە.

 

پێوەرەکانی تۆمارکردنی ڤیدیۆ:

١- نابێت ڤیدیۆکە لە ١٠ چرکە زیاتر بێت.

٢- دەبێت ڤیدیۆکە لەسەر باری پانی تۆمار بکرێت.

٣- دەبێت کورسیی بەتاڵ لە پاڵ ڤیدیۆکەدا هەبێت.

٤- دەبێت بێدەنگ بێت یان بە دەنگی مۆسیقایەک بێت کە دەتانەوێت بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوی بکەنەوە.

 

ئەوەی کە پێویستە لە هەر ڤیدیۆیەکدا هەبێت:

١- ناوی ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا بێت.

٢- پیشەی چییە.

٣- ئەو شوێنەی تایبەتی کردووە بە ئۆجالانە و ئەو شوێنەی کە پێشکەشی ئەوی دەکات.”

ئەندامانی گرووپەکە داوایان لە هەموو کەسێک کردووە چالاکانە بەشداری هەڵمەتەکە بکەن و لینکەکەی بڵاوبکەنەوە.

 

ئەمڕۆ ١٢ی ئەیلوول چالاکییەکە کاتژمێر ١١:٠٠ بە کاتی ئەرجەنتین و ٤:٠٠ بە کاتی برۆکسێل و ٥:٠٠ بە کاتی ئامەد لە ئینستاگرام دەست پێدەکات.