هەڵمەتی سێ شەممەکان: لە ساڵێکدا ٤٧ زیندانی سیاسی لەسێدارە دراون
لەگەڵ شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، هەڵمەتی (سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان) جەخت لەسەر بەردەوامیی خەباتی بەندکراوان دەکاتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەدات لە هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەکی نوێی لەسێدارەدان و کوژرانی زیندانیان لەژێر ئەشکەنجەدا تۆمار کرا.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی (سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان) زیندانیان لە ٦٦ زیندانی ئێران بە مانگرتن لە خۆراک ناڕەزایەتییان دژی زنجیرەی لە سێدارەدانەکان دووپات کردەوە و ڕاپۆرتنووسی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەیوەستبوونی بە مانگرتنەکە ڕاگەیاند.
هەڵمەتی (سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان) لە هەفتەی ١٤٢ـەمینی خۆیدا لە ٦٦ زیندانی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوکی بڵاو کردەوە.
لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: هەڵمەتی (سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان) بە چوونە ناو ۱٤۲یەمین هەفتەی بەردەوامیی خۆی لە ٦٦ زیندانی جیاواز لە سەرانسەری وڵات، زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بە مانگرتنی سەراسەری لە خۆراک ناڕەزایەتیی توندی خۆیان دژی شەپۆلی بێپچڕانی لەسێدارەدانەکان و دەرکردنی سزای بێبەزەییانەی مەرگ لەلایەن دەزگای دادوەری ڕژێمی ئێران دووپات کردەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی هەڵمەتەکە، لە ماوەی نێوان تشرینی یەکەمی ۲۰۲٥ تا تشرینی یەکەمی ۲۰۲٦، لانی کەم دوو هەزار و ۲۳۰ کەس لە ئێراندا لەسێدارە دراون؛ کە لە نێویاندا ٥٤ ژن، ٤۷ زیندانیی سیاسی و چوار منداڵ هەن، کە ئەمەش ترسناکترین ئاماری لەسێدارەدانە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا.
ئاماژە بەوەش کراوە، تەنیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسی و خوێندکار (ئەمیرحەسەن ئەکبەری مونفەرید)، سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر زیندانیی سیاسی ۱۹ ساڵە (عەلی زاکانی)، لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسی (جابر خەسرەوی) لە دامغان و هاووڵاتیی بەلووچ (عومەر دورستاران) جێبەجێ کراوە.
هاوکات لە هەمان ماوەدا، کوژرانی نەوجەوانێکی ۱۷ ساڵە بە ناوی (ئومێد قانونی) لە خوانسار و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی (فەرەیدوون مەکاری) لە مەشهەد لە ژێر ئەشکەنجەی توندی هێزە ئەمنییەکاندا تۆمار کراوە.
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدا لە ٦٦ زیندانی جیاوازدا درێژەی هەیە کە زیندانیان لەگەڵ گوشاری ئەمنی، هەڕەشەی گواستنەوە، زەوتکردنی مافی پەیوەندی و خستنە ناو زیندانی تاکەکەسی ڕووبەڕوون.
هاوکات، جینا ڕومێرۆ، ڕاپۆرتنووسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەکان، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی ڕایگەیاند کە ئەم سێ شەممە پەیوەست دەبێت بەم مانگرتنەوە و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەی زارەکی تێپەڕێت و ڕێوشوێنی کردەیی بۆ ڕاگرتنی مەکینەی لەسێدارەدان لە ئێراندا بگرێتە بەر.