هەڵمەتی هۆشیاری لە چەمچەماڵ بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی ڕیکخراو و کەمپەینەکانی باشوری کوردستان بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ی مارس، هەڵمەتێکی هۆشیاری لە چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.
ناوەندی هەواڵ
لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت – CDO هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی دەستپێکرد بە ناوی "هەڵمەتی هۆشیاریی یاسایی و کۆمەڵایەتیی" و بڵاوکراوەی بە ناو شارۆچکەکەدا و بۆ هەموو چین و توێژەکان بێ جیاوازی بڵاوکردەوە، لە بڵاوکراوەکەدا ئامارەکانی کوشتنی ژنان و زانیاریی یاسایی سەبارەت بە سزای ژن کوژان، تێدابوو، بەپێی ئامارەکانیش لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠٢٠ ٥٠٠ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون.
هەروەها حاڵەتەکانی توندوتیژیی باسکرابوون و ئاماژە بەو هێڵە گەرمانە کە پێویستە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە بە توندوتیژی، پەیوەندییان پێوەبکرێت کرابوو.
هەر لە هەڵمەتەکەدا لە ڕێگەی گفتوگۆوە داوا لە هاوڵاتیان کرا لەبری توندوتیژی، کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، ئەم هەڵمەتەش لە چوارچێوەی "پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی و کوشتن بە بیانووی شەرەف"دایە کە لە چەمچەماڵ ئەمڕۆ دەستیپێکرد، بڕیاریشە لە شار و شارۆچکەکانی دیکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوامی هەبێت.
ت.پ