هەڵمەتی ١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر' لە باشووری کوردستان درێژەی هەیە

ژنانی باشوری کوردستان بەشداری هەڵمەتی ١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر دەکەن و لە ڕێگەیی تیمی گەڕۆکەوە لە شار و شارەکانی باشور بۆ ماوەی هەفتەیەک واژوو کۆدەکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر" بەردەوامە لە واژوو کۆکردنەوە بۆ دادگاییکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی دەوڵەتی تورکیا، کەمپینەکە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لەگەڵ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستی پێکرد، لە لایەن زوتنەوەی ژنی کورد لە ئەوروپا TJK-E و بڕیارە ١٠٠ هەزار واژوو کۆبکرێتەوە.

لە باشوری کوردستانیش بۆ درێژەدان بەو هەڵمەتە ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی دەستکردن بەم هەڵمەتەیان ڕاگەیاند، ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکە لە لایەن ویژدان نورەدین خوێندرایەوە ئاماژەیان بەوە دا "وەکو ژنانی باشور بەشداریی لەو کەمپینە دەکەین، چونکە باشوریش بەدەر نییە لەو تووندوتیژییانەی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان بەرامبەر بە ژنان ئەنجامیداوە".

لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە ژن قوربانی یەکەمی بۆردومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیایە لە باشوری کوردستان بەتایبەت هێرشی گوندی کونەماسی و هێرشەکانی بناری قەندیل و برادۆست، لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەیان بە کاروچالاکییەکانیان کرد لە دوای ئەم کۆنگرەیە و ئەوەیان ڕاگەیاند کە بە چەند تیمێکی گەڕۆک لە سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دیکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەست دەکەن بە واژوو کۆکردنەوە.

 

لە "١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر" ١٠٠ کەیس ئامادەکراوە بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغان کە بریتیین لە بە ئامانجگرتنی ژنان و منداڵانی مەدەنیی لە هێرش و بۆردوومانەکاندا، بەشێکی قوربانییەکانیش خەڵکی باشوری کوردستانن، بڕیاریشە تا ٨ی ئاداری ٢٠٢٠ هەڵمەتەکە لەڕێی واژووی سەر کاغەز و بە ئۆنلاین بەردەوام بێت.

 

ت.پ