هێلین ئومێد: ئیرادەی سیاسی لای دەسەڵات لاوازە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر پڕۆسەکە
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەشداریکرد لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفیزیۆنی مەدیا هەبەر تیڤی، هەموو هێزە پیلانگێڕەکانی شەرمەزارکرد وتی: ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن.
ناوەندی هەواڵ
ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان هێلین ئومێد بەشداریکرد لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفیزیۆنی مەدیا خەبەر تیڤی، وێڕای ٢٧ـهەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی هەنووکەیی کرد کە بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا هەموو هێزە پیلانگێڕەکانی شەرمەزارکرد، سڵاوی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد کە ماوەی ٢٧ ساڵە پێشەنگایەتیی تێکۆشان دژی پیلانگێڕییەکە دەکات و لە کەسایەتیی شەهیدانی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن'ـدا هەموو شەهیدانی تێکۆشان دژی پیلانگێڕییەکەی بەبیرهێنایەوە.
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوە کرد کە لە تێکۆشان دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا گەل هەمیشە لە پێشەوە بووە و گوتی، "گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات، لە هەموو شوێنێک ڕژایە سەر شەقام. هەمووان ئەمەیان بە ڕوونی بینی، هەرگیز ئەم تووڕەییە کەمی نەکرد. ئەو تێگەیشتنەی لەگەڵ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕوویدا، هەموو ڕۆژێک تووڕەیی گەلی کوردی بەهێزتر کرد، بۆ نەتەوەبوونی دیموکراتیک و تەڤگەری گەل وەکو نەتەوەیەک، بووە هۆشمەندییەک. هەر بۆیە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان و هەموو ئەوانە دەکەم کە بەشدارییان لەم چالاکییانەدا کرد. ئەو هێزەی بە ئێمەیان بەخشی، سەرچاوەی سەرەکییە بۆ هێشتنەوەمان لەسەر پێ.
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو پلانگێڕییە نێونەتەوەییە وەکو ڕووداوێک لێک نەدەینەوە، بەڵکوو وەکو پرۆسەیەک بیبینین کە هێشتا بەردەوامە. باسی لەوەش کرد کە لەسەر بنەمای بەدیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ خواستی ئەوە هەبوو کە گەلانی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکرێن، هەنگاوی مێژوویی سەرکوت بکرێت و گوتی، "هێزە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە ناوچەکە ستراتیژێکیان هەیە. ئەمە نوێ نییە. دەزانین کە لە شەڕی خاچپەرستییەوە چاویان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئێمە بە هێرش و هەوڵەکانی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی دەزانین. لەسەر ئەم بنەمایە درێژە بە شەڕ دەدرێت. بەڵام هیچ ستراتیژێکی جەوهەری بوونی نییە کە نوێنەرایەتیی گەلانی ناوچەکە بکات. هەوڵدان بۆ بوون بە ئامرازی ستراتیژی سیستەمی سەرمایەداریی باڵادەست و خواستی بەدەستهێنانی پشکێک، هەوڵێکی ستراتیژیی نییە. لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە هەوڵدرا کە ببێتە بەشێک لە پلانە جیهانییەکانی ڕۆژئاوا. لە ڕاستیدا ناوچەکەمان و گەلانمان پێویستیان بە ستراتیژی خۆیان هەیە.
لەبەرئەوە ناشێت بوترێت کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕوویدا و کۆتاییهات. بە دنەدانی دەرەوە، یاری و پلانەکان بەردەوامن. لە دژی ئەمە گەلانمان پێویستیان بە ستراتیژێکی جەوهەری هەیە. ئەمەش لە سەرووی هەموو شتێکەوە نوێکردنەوەی هاوپەیمانیی کورد-تورک و سەرلەنوێ بنیاتنانی ئەو پەیوەندییانەیە کە پشت بە هاوپەیمانیی گەلانی ناوچەکە دەبەستێت. لە ٢٨ـهەمین ساڵی تێکۆشان دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا پێویستە ئەم یارییانە ببینرێن، هاوپەمانیی گەلان بنیات بنرێت و سیستەمێکی جەوهەری بخوڵقێنرێت کە وەڵامدەرەوەی پێویستیی ئازادی و دیموکراسی گەلانی ناوچەکە بێت. لەسەر ئەم بنەمایە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو کەسانە دەخوازم کە لە ٢٨ـهەمین ساڵدا درێژە بە تێکۆشان دەدەن. پێوەری سەرەکیشی بریتییە لە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. دەمەوێت جارێکی تر ئاماژە بەوە بدەم کە ئەمە تەنها بە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆماری دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەشێت بێتە دی."
سەبارەت بە مژارەکە هێلین ئومێد ڕایگەیاند کە ئەوان لە ڕاگەیاندنەکانەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا دەکەن، هەوڵدەدەن لێی تێبگەن و بەم شێوەیە لە قسەکانی بەردەوام بوو: "دوایین جار لە میونشن کۆنفرانسێک ڕێکخرا و مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحەمەد تێیدا بەشدار بوون. لەوێ لێدوانیان دا. دیارە لە ڕۆژئاوا لێکتێگەیشتنێک هەیە. کۆمەڵگەی کوردی ئەم هێرشانەی وەکو دووەم پیلانگێڕیی ١٥ـی شوبات، نوێکردنەوەی پیلانگێڕییەکە پێناسەکرد. بە ڕاستی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی بووەوە. لە کاتێکدا کە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق لە کۆبوونەوەدابوو، هێرشەکان لە حەلەب بوونە ڕۆژەڤ، لە هەمان کاتدا لە پاریس کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. لە ٦ـی کانوونی دووەمدا لە ڕاگەیاندن بڵاوبووەوە. ئەم سەردێڕانە قسەی زۆریان لەسەر کرا. لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لایەنەکان کێ بوون. ئەوانەی لە پاریس بوون کێ بوون، لەسەر چی و لە بەرانبەر چیدا ڕێککەوتن؟ پێویستە ئەمە بە باشی درکی پێ بکرێت.
سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سیستەمێکی بێویژدان، سیستەمێکی بێئەخلاقە. سیستەمێکە تێیدا بازرگانی بە هەموو شتێکەوە دەکرێت. پیرۆزترین بەهاکان، پیرۆزترین بەهاکان چین؟ بۆ نموونە لەناو کۆمەڵگەدا ژنە. لەناو ئەو سیستەمەدا ئەوەی لە هەمووان زیاتر پێشکەشی بازاڕ دەکرێت، ژنە. هیچ نۆرمێکی نییە، پێوەرێکی نییە. سیستەمی سەرمایەداری بەم شێوەیەیە. ڕاستییەکی لەم شێوەیەی هەیە. لە ڕۆژئاوا کۆمەڵگەیەک هەیە کە ماوەی ١٣-١٤ ساڵ دژی زوڵمی داعش بەرگریکرد. کودەتا دژی ئەم بەرخۆدانە ئەنجامدرا. بەڵێ، پیلانگێڕییەک ئەنجامدرا. پێویستە بەم شێوەیە درکی پێ بکرێت. لە بەرانبەر چیدا؟ لەسەر بنەمای دابەشکردنی خاک ئەمە ڕوویدا. گرنگە ئەمە بە باشی درکی پێ بکرێت. بۆ نموونە لە سووریا ئەو پشکەی دراوە بە ئیسرائیل چییە؟ ئیسرائیلیش لە کۆبوونەوەی پاریسدا لایەنێکە. لە بەرانبەر ئەو پشکەی پێیدرا، خواستی ئەوە هەبوو کە جارێکی تر کورد لە گۆڕ نێن، جارێکی تر کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بکەنەوە. ئەمە بە هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ، بە هەوڵی هەندێک هێزی جیاواز و هەندێک لایەن لە تورکیا ڕاگیرا.
هیچ وەڵامێکی دیاریکراوم نییە بۆ پرسیاری ئەوەی کە ئاخۆ تورکیا بە شێوەیەکی یەکگرتوو چەندە لەناو ئەم پرۆسەیەدا ئامادەیی هەبوو. بەڵام دەتوانم بڵێم، دەستوەردانی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕاستی کاریگەرییەکی زۆری هەبوو و ئەم پیلانگێڕییە وەستێنرا. شەڕی نێوان گەلانی ڕاوەستاند. کۆمەڵکوژیشی ڕاوەستاند. هەر خۆی تەنها هێزێک هەبوو کە دەیتوانی ڕایوەستێنێت، ئەویش ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەگەر نا کەس نەیدەتوانی ڕایوەستێنێت. پێویستە هەمووان بە باشی لەمە تێبگەن. بەردەوام دەگوترێت کە خواستی ئەوە هەبوو لەو ناوچەیە وابکەن شەڕی کورد و عەرەب سەرهەڵبدات. بەڵێ، لەوانەیە ڕووشیدابێت. لەبەرئەوەی هێزە جیهانییەکان، هێزە سەرمایەدارەکان خۆیان بە خوێن بەخێودەکەن. خۆیان بە شەڕی نێوان گەلان بەخێودەکەن. بوونی خۆیان، بوونیان لە ناوچەکە بەم بیانووە درێژە پێ دەدەن. بەم بیانووە لە ناوچەکە دەمێننەوە. باڵادەستی دەکەن. ئەمە دەکەنە بیانوو و درێژە بە بوونی خۆیان دەدەن لە ناوچەکە. لەوانەیە وابێت. من ڕەخنەم لەوە نییە، بەڵام بە کەم سەیری ئەم هەڵسەنگاندنە دەکەن. لەبەرئەوەی دواتر ئێمە ئەوەمان بینی.
دۆخێکی وا هاتە ئاراوە کە هەندێک پێداگرانە هەوڵیاندا کە وا بکەن شەڕی تورک و کورد لەو ناوچەیە سەرهەڵبدات، نەتەوەپەرستیی کورد قووڵبکەنەوە، هێرش بکەنە سەر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، هێرش بکەنە سەر هێڵی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، تێکی بدەن. ئێمە لەم ناوچەیە بۆنی ئەوەمان کرد. با هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. هەمووان ئامانجی سەرەکییان بینی، کۆمەڵگەی کوردی چۆن هەڵستایە سەر پێ؟ پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەم. لە ئەورووپا، باکووری کوردستان، باشوور و ڕۆژهەڵات خاوەندارێتیکردن لە ڕۆژئاوا بەم وڵاتپارێزییە ڕوویدا، ڕوحێکی نەتەوەیی بەرهەمهات. پیرۆز بێت. مەیلێکی بەهێز هەبوو کە ویستی ئەم توانایە، داخوازیی ئازادی و بوونی گەلی کورد، یەکگرتووییەکەی لە ڕێی نەتەوەپەرستییەوە بەرەو شەڕی تورک و کورد ببات. بێگومان ڕێبەر ئاپۆ ڕێی لەمەش گرت."
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆنفرانسی میونشندا باس لەوە کرا کە سیستەمی گلۆباڵ ڕووخاوە و گوتی، "ئەوەی ڕووخا کام سیستەمەیە؟ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیە. لەبەرئەوەی دەوڵەت-نەتەوە لە هەر شوێنێک کە لێیەتی، شەڕی بۆ دەبات. هەر شوێنێک کە خۆی پێ دەگەیەنێت، دەیکاتە دەریای خوێن. چارەسەریی ئێمە نەتەوەی دیموکراتیکە.
چارەسەریی پێکەوەژیانی گەلانە. هەر بۆیە پێداگری لەسەر ئەم چارەسەرییەمان دەکەین. سوورین لەسەر بەدیهێنانی.
لە بەردەوامیی قسەکانیدا بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە گفتوگۆ لەسەر هەندێک هەنگاو دەکرێت، بەڵام ئەم گفتوگۆیانە بە شێوەیەکی شەرمنانە و دوودڵانە ئەنجامدەدرێن. هێلین ئومێد گوتی، "ئەمە دەبێتە مایەی نیگەرانی. وەک خۆم، گومان و نیگەرانیم لا دروستدەکات. ئەو هەموو بانگەشەیە دەکرێت. دەگوترێت، سەدەی تورکیا. دەگوترێت، نوێکردنەوەی هاوپەیمانیی تورک و کورد. دەگوترێت، کورد بەبێ تورک، تورک بەبێ کورد نابێت. دەگوترێت، با بەرەی ناوخۆیی بەهێز بکەین. باسی پرسی مانەوەی تورکیا دەکرێت. دەوترێت یارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر تورکیایە. ئەو هەموو قسە ڕادیکاڵانە دەکرێن، کەچی بە گفتوگۆی سست وەڵامدەدرێنەوە. ئەمە پێچەوانەی قورسیی ئەم قسانەیە. هەر بۆیە دەتوانم بڵێم کە ئیرادەی سیاسی لە تورکیا لاوازە. بەڵێ باخچەلی لە قسەکانیدا قورساییەکی گەورە دەداتە ڕێبەر ئاپۆ. ئێمە زۆر بە گرنگەوە لێی دەڕوانین. ئەمە وەک زەمینەیەک بۆ بەردەنگی، زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ دەبینرێت. بەڵام ئیرادەی سیاسی لاوازە. ئەم لاوازییە لەناو دەسەڵاتدا هەیە. ئەگەر کۆتایی بەمە نەهێنرێت، مەترسیی یاریکردن بەم پرۆسەیە هەیە.
هێلین ئومێد بەبیریهێنایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە کراوەن لە بەردەم پێشەنگایەتی و بەڕێوەبەریی ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرۆسەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و وتی: مادام وایە پێویستە ئەم پرۆسەیە لەسەر پێوەرە دیموکراتیکەکان بەڕێوەبچێت. بە گفتوگۆ بەڕێوەبچێت. بۆ نموونە، پێویستە دەسەڵاتی تورکیا لە بەردەم ڕەخنەکاندا کراوە بێت. لێی نیگەران نەبێت. کاتێک مژار دێتە سەر تەڤگەری ئازادیی کورد یان ڕێبەر ئاپۆ، نابێت ئۆتۆ-سانسۆر"ڕێگریکردنی خودکار" کارا بکات، یان خواستی رێگریکردنی لە دەربڕینی بیروبۆچوون و داخوازییەکان هەبێت. ئەمە نابێت. ئەمە دژی ڕوحی پرۆسەکەیە. بەر لە هەر شتێک پێویستە هەمووان بە گوێرەی ڕوحی پرۆسەکە مامەڵە بکەن. ئەمە بە گرنگ دەبینم.
لەمڕۆدا ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەیە. ئێمە نازانین کۆمیسیۆن کار لەسەر چی دەکات، بەڵام ئێمە کار لەسەر ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەکەین. هەر بۆیە دەتوانم بڵێم؛ بۆ ئەوەی بتوانین ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک جێبەجێ بکەین، پێویستە لە تورکیا یاسا دەربکرێت. بۆ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، کۆمارێکی دیموکراتیک پێویستە. ئەوەی بتوانێت ئەمە جێبەجێ بکات، ئەوەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک جێبەجێدەکات، دیموکراتیکبوونە لە تورکیا، هێنانەدیی یاساکانە بە گوێرەی ئەم مەبەستە. پێویستە بەم شێوەیە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و لە ڕۆژەڤدا بهێڵدرێتەوە. بە پێداگری لەسەر ڕێبازەکانی ئەسیمیلاسیۆن و لەناوبردن، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ڕوونادات. سەیر بکەن، هەموو ڕۆژێک لە میدیای تورکدا دەگوترێت، 'کۆتاییهات، کۆتاییمان پێ هێنا، تیرۆر، تیرۆریست'. ئەم زمانە، ئەم باسکردنە نابێت،
گەر تۆ هەموو ڕۆژێک بڵێیت کۆتایی هات، کۆتایم پێهێنا، گەر تۆ پێداگری لەسەر ئەم زمانە بکەی، ئەوا پێتەڵێن تۆ دەتەوێت کۆتایی پێبێنیت، لەناوی ببەی و ئاسیمیلەی بکەی. جا بۆیە دەبێت بێ یەک و دوو ئەم زمانە تەرک بکرێت.
هێڵین ئومێد دەستنیشانی کرد بۆشایی دیموکراسیی باڵی بەسەر تورکیادا کێشاوە و ئەمەی گوت: "بۆشایی بەرەی دیموکراسی بوونی هەیە و گۆڕەپانی سیاسەتکردنی دیموکراتیکانە لە بۆشایدایە. وەک چۆن ئێمە دەڵێین لە دامەزراندنی کۆمارەوە کورد وەدەرنراوە، ئیسلامی وەدەرنراوە هەمان شێوە سۆسیالیستیش وەدەرنراوە. لە تورکیا چەپ خراوەتە دەرەوەی کایەیی سیاسەت. ئامادەین لە تورکیادا ببینە باڵی چەپ، دەتوانین باڵی چەپی دیموکراتیکی کۆماری تورکیا دامەزرێنین. پێداگرین لەم بابەتەدا و پاشخانمان هەیە. ئەمە وادەکات ببێتە هۆی ئەوەی تورکیا هەنگاوێکی مەزن بنێت و پێشی بخات. چارەسەری بۆ پرسگەلی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەخلاقی و هەموو پرسەکانی دیکەی تورکیا بەم شێوەیە دەڕەخسێت. تاکهێزی، ڕاستڕەوی و نەتەوەپەرستی پەڕگیر تورکیای خستووەتە دۆخێکەوە کە نەناسرێتەوە. کۆمەڵگەی تورکیشی لە تورکبوون خست. کۆمەڵگەی تورکیا دەناسم و ئاشنام پێی. تورکزمانەکان بەم شێوەیە نەبوون. وایانکرد تورکیا نەناسرێتەوە و لە بەهاکانی دایببڕن.
هێلین ئومێد لە بەردەوامیدا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی ٨ـی ئادار کرد و لەم ڕووەوە ئەمەی گوت: "لە ئێستاوە ٨ـی ئادار پیرۆز دەکەم و داوا لە ژنان دەکەم پەرە بە تێکۆشانیان بدەن دژ بە بکوژی کاستیک. پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکاندا پەرە بە تێکۆشانیان بدەن، نابێت بابەتەکە تەنها ئەوەبێ پێ دەنێینە ٨ـی ئادارەوە، بەڵکو شتەکە بنەڕەتی ترە و پرسگەلی بنەڕەتیمان هەیە. وەک ژنان پرسی جددیمان هەیە و هێرشی جددی و مەترسیدارمان لەسەرە، بۆیە پێویستە لەمانە تێبگەین و چارەسەریان بکەین.
هێلێن ئومێد دەربارەی پرس و کێشەکانی ژنانی ئەمەیشی سەرباری قسەکانی کرد و ئاماژەی بەوەدا وەک ژن شتێکییان نییە لە دەستی بدەن و گوتی: "دووچاری ستەم و توندوتیژی بووینەتەوە، گەر ئەم دۆخە نەبوایە پێویستییەکانی ئازادیی ژن، مەیلی ئازادیی ژن، مەیلی کۆمەڵایەتیبوونی ژن سیستەمێکی جیاواز درووست دەکات کە پەلی دەکێشا بۆ سیستەمێکی شارستانیی جیاواز و مۆدێرنیتەیەکی جیاواز. بەڵام سەرنج بدەین، بە فاشیزمی ڕۆژانەی دژە ژن، بە قڕکردنی ژنەوە دەمانکەنە بەشێک لەم پرۆسەیە. بۆیە وەک ژنان پێویستی زیاترمان بە هۆشیاری، ڕێکخستن، کۆبوونەوە و گفتوگۆ هەیە.
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوەدا لە تورکیا، لە ناو کۆمەڵگەی تورکیادا ئەگەر ژنانی ڕۆشنبیر، ژنانی فێمنیست، ژنانی ئاشتیخواز هەبن ئەوا دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر بگێڕن. جا بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ببن و خاوەنداری لێ بکەن.
ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان هێلین ئومێد بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئایدۆلۆژیا و هێڵی ئازادیی ژن کە تەڤگەری ئازادیی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ ڕەخساندوویانە، بە شێوەیەکی گشتی هۆشیارییەکی جددی لە ناو کۆمەڵگەدا ئافراند. ناڵێم ئازاد بووە، ئازادیی شتێکی جیاوازە، بابەتێکە کە دەبێت مرۆڤ لەسەر زەمینەیەکی جیاواز گفتوگۆی بکات.
بەڵام لە نێوان ژن و پیاودا هۆشمەندییەکی گرنگی ئافراند. ئەوەی کە ژنان و پیاوان دەڕژێنە گۆڕەپانەکان و پێکەوە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە، نموونەی بەرجەستەی ئەم هۆشمەندیەیە."