"حکومڕانی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان لەسەر مێزی بڕیاردان دوردەخاتەوە"

شنۆ عوسمان، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ژنان کارتێکراون بەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، هەر خەبات و گۆڕانکارییەکی سیاسیی ئاستی ژنان و خەباتی سیاسییان گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژوو دەیسەلمێنێت ژنان بەرخۆدان و خەباتیان لە پێناو پاراستنی خۆیان و خاکیان کردووە، پاشان لە کاری سیاسەتدا توانیان بە پێکەوەیی و یەکدەنگی سیستمی کۆتا بهێننە بوون، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ژیان و گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتدا و هاتنە ئارای نەبوونی پێگەی ژنان لە سیاسەتدا، ئەو سیستمە ژنان هەراسان دەکات، لە ئێستدا ڕۆڵی ژن لە سیاسیەتدا بە گوێرەی دیاریکردنیەتی لە ڕێگەی پیاوانی ناو حزب و لایەنەکانەوە، ژنان لە کەرتە سەربازی و سیاسییەکاندا ڕۆڵ دەگێڕن، بەڵام بۆ بڕیاردانەکان دەگەڕێنەوە بۆ پیاوانی حزب و لایەنەکان یاخود پلەیەکی بڕیاردان ناخەنە بەردەم ژنێک، چونکە لە ئەقڵیەتی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان مافی بڕیاردانیان پێنادرێت، لە ئێستدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ململانێی سیاسییەوە، ژنان لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەوە هەوڵ بۆ گۆڕانکاریی لە پێگەی بریاردانیان و پێگەی سیاسیاندا دەدەن.

 

" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان لەسەر مێزی بڕیاردان دوردەخرێنەوە"

شنۆ عوسمان، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، ئەو مێژوو و سروشتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدایە، بۆتە هۆکاری بەشداریکردنی ژنان لە بەرەوپێشبردن و بەشداریکردنی سیاسیی و بەشداریکردنی جەنگەکاندا، سەرەڕای جیاوازی کولتوور و دابونەریتەکان ژنان ڕۆڵی گەورەیان لە بەرگریکردن لە خاکی خۆیان لە کاتی جەنگدا هەبووە، وتی: لە مێژوو تا ئێستا ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرگریان لە خاکی خۆیان کردووە، سەڕەڕای هەڵکەوتە جوگرافی و مرۆییەکان، جیاوازی کولتوور و ئایینەکان ژنان لە کاتی جەنگدا بەرگریان لە خاکی خۆیان کردووە، بەشداری کردنی ژنان لە کایە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرێدراوە بەو بارودۆخە ئابووری و ڕۆشنبیری و مێژوویەی کە ناوچەکە پیایدا گوزەر دەکات، هەروەها ناوەندێکی دیینیە کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە پەلوپۆی بەرەو جیهان کێشاوە، ئەو پەلکێشانە دەریدەخات تاچەند دینەکان و کولتوورە جیاوزازەکان ڕێگەیان بە بەشداریکردن و دەستی خەباتی ژنان کردووە، هەروەها ژنان دەستیان لە دانانی فەرمانڕەواکان و خەبات دژ بە داگیرکاری هەبووە، لە ئێستادا ژنان لە کاری پەرلەمانتارێتی و سیاسەتدا بە هۆکاری هەبوونی سیستمی کۆتاوە کارو بەرخۆدانی ئەنجامدەدەن، سەرەڕای هەبوونی سیستمی کۆتا ژنان بەشدارییەکانیان لە پەرلەمان و سەر مێزی گفتوگۆ، بە هۆکاری ئەو بارودۆخە سیاسییەی ڕووبەڕووی ژنان دەکرێتەوە، بەشدار نین، پاشان ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشداری لە سیاسەتدا دەکەن، بەڵام کارکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ئەستەمە، بە هۆکاری ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی حکومڕانی ناوچەکان دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەفەسێک بۆ کارکردن و خەباتی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا هاتوەتە پێشەوە، وتی: لەو ناوچانەی کە ئایین زاڵە بەسەر یاساکاندا هەمووارکردنی بەشێک لە یاساکان بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان دەکەوێتە کێشمەکێشمی گەورەوە، بەشداری کردنەکان بەستراوەتەوە بە یاساکان و دابونەریت و ئایینێکەوە، لە ڕێگەی ئەو بنکۆڵکاریانەی بۆ وڵاتانێک کە ژنان لەسەرجەم سێکتەرە و ڕوانگە سیاسییەکانەوە کاری تێدا دەکەن، پەروەردەو فێرکردن و کاری سیاسیی بەرەوپێشتر چووە، هەروەها ئەگەر بمانەوێت هەڵسانگاندن بۆ بەشێک لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، بەشێکیان پێیان دەوترێت وڵاتانی تازە پێگەیشتوو یان وڵاتانی دواکەوتوو، کە ئەو پۆلێنکردنانە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری نەکردنی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا یان ڕێگە لە بەشداریکردنی ژنان دەگرن، ئەو دواکەوتویە دەری دەخات، بەشداری پێکردن و ڕێگە خۆشکردن بۆ ژنان لە کایە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێگری لێدەکرێت، لە ناو پۆستە سیاسیی و ئیدارییەکان و بڕیاردانەکاندا بۆشای دەسەڵاتی ژنان هەیە، ژنان لەناو حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا بوونیان هەیە، بەڵام دەسەڵاتی بڕیاردانیان پێ نادرێت، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیبێت ژنان بەشداری دەکەن و لە هەوڵی شکاندنی ئەو بەربەستەن، بڕیاردانەکان لە دوای ئەم جەنگە جیهانییەوە دەستپێدەکات، ئایا ژنان چۆن کار بۆ دەسەڵاتی بڕیاردان لە وەڵامی ئەو جەنگەوە بکەن، پێویستە لە ڕێگەی خۆبەڕێکخستن کردنەوە هەوڵەکانیان ئەنجامبدەن، خەباتەکانیان گۆڕانکاری تێدابکەن، تا سەرکەوتووترانە جێگەی خۆیان لە ناو بڕیاردانە سیاسییاسییەکاندا بکەنەوە.

 

" ژنان هەوڵ بۆ سەرکەوتن بدەن تا کۆمەڵگەیەکی ئازاد لە حکومڕانی نوێدا بەدەستبهێنن"

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان کارتێکراون بەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، هەر خەبات و گۆڕانکارییەکی سیاسیی ئاستی ژنان و خەباتی سیاسییان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەشداری کردنیان لە کایە سیاسییەکاندا زیاتر دەبێت، شێوازی بەشداری کردنەکانیشیان لە ئاستی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لەم قۆناغەی ئێستادا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان بە زمانی ڕەخنەگرتن یەنە پێشەوە، ڕەخنە لە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و سیستمی حکومڕانی دەگرێت، ئەو پێکەوەییەی لە ناوچەکاندا گرێدراوی یەکەن ڕۆڵی ژنان و کارکردنیان لە کایە سیاسییەکاندا زیاتر و خێزاتر دەکات.

 

" ژنان لە ڕووی پێگەو بیری سیاسییەوە گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دێت"

شنۆ عوسمان لە کۆتایی قسەکانیشدا وتی: ئەو گۆڕانکارییەی لەبەردەمماندا هەیە، لە ڕووی جوگرافی و سیاسییەوە گۆڕانکارییەکی گەورەیە، هەروەها ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕووی سیاسیی ناوچەکەوە ڕوودەدات، گۆڕانکارییەکی چاوەڕوان کراوە، پاشان ژنانیش لە ڕووی پێگەو بیری سیاسییەوە گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردادێت، سەرەڕای ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان دەبنەوە، لە ڕێگەی گۆڕینی یاسا و بەشێک لە سیاسەتی ئەو ناوچەیە ژنان بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەبات، ژنان و گەنجان بەشێکی نوێ و گرنگی سیاسەتێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبن، لەپاڵ گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ترس لە شکستی دارایی سەرهەڵدەدات، کە زوو بەرۆکی دوو چینی بەهێزی کۆمەڵگە دەگرێت، بەڵام ژنان و گەنجان دوو چینی سەرکەوتوو بەهێزن، سەرەڕای ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ژنان وەک پەڕلەمانتار کار دەکەن، بەڵام لە سەر مێزەکانی گفتوگۆو پرسی ئاشتییدا گفتۆگۆیان لەگەڵدا ئەنجام نادرێت، هەروەها لە ناوچەکەدا ئاستەنگ بۆ پێکەوەییەکانی ژنان دروست دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی ژنان پشتیوانی یەکدی دەکەن، پێویستە کار بۆ ئەوە بکەن، کۆمەڵگەش پشتیوانیان لێبکات، تا بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، کار بۆ سەرکەوتنی کۆمەڵگە بکەن.