ئەنجوومەنی ژنانی سووریا، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی ناساندنی ڕۆڵی ژنان دەبێت

ئەنجوومەنی ژنانی سووریا، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە، هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ هەموو ژنان لە سووریا ڕاگەیاند، بە مەبەستی بەهێزکردنیان و گەیشتن بە مافەکانیان، کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەک.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ژنانی سوریا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنانی سووریا لە ئاهەنگگێڕاندان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی ناساندنی ڕۆڵی ژنان و بەشداریکردنیان بێت لەهەموو بوارەکانی ژیاندا.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو پێشکەوتنەی ژنان بەدەستی دەهێنن، سوودی بۆ هەمووان هەیە، ڕایانگەیاند: با کۆببینەوە بۆ گۆڕینی داهاتوویەکی باش بۆ ژنان، کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، پێشێلکاری، ئاوارەبوونی زۆرەملێ، کوشتن، دەستدرێژی و دەستگیرکردنی ژنان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ژن لە سووریا بەدەست قەیرانەکانەوە دەناڵێنن، خراونەتە ناو شەڕ، لەناو سیستمێکدا ژیان دەکەن کە بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و قڕکردنی ژنان دەدات، جگە لەوەش دۆخی ژنانی سووریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەکرێگیراوان و ناوچە داگیرکراوەکان لە ئاستێکی خراپدایە.

 

داوایان کرد هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان لەلایەن داگیرکارانەوە بەردەوام بێت، چارەسەرێکی سیاسیی ئاشتیانەی کردەیی، بۆ هەموو گەلی سووریا بدۆزنەوە، لە هەموو پێکهاتەکان و مەزهەبەکان،لە کۆتایدا، داوایان لە پێویستی دانانی میکانیزمی پێویست و کاریگەر کرد بۆ گەیشتن بە ژیانێکی دادپەروەرانە بۆ ژنان کرد.