"ژن، ژیان، ئازادی" هاوارێکی ئازادیخوازانەیە کە هەرگیز سەرکوت ناکرێت

بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی دەسپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، کەژار بە ئاماژەدان بە سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی ڕایگەیاند: زیندانییەکان نیشانیان دا کە زیندانی تاکەکەسی، مێزی دادگاییکردن و دەرکردنی سزای قورس، ترس لە دڵیان

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار بە بۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و وێڕای ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەرچوونی سزای لەسێدارەدانی بۆ چالاکوانی مەدەنی پەخشان عەزیزی و چالاکوانی کرێکاری شەریف محەمەدی، هەروەها تۆمەتی "یاخیبوون" لە دژی وریشە مورادی و نەسیم غولامی سیمیاری بە تاکتیکی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆ دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگەدا ناوبرد و نووسیویەتی:

 

"لە کاتێکدا لە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نزیک دەبینەوە کە سیاسەتی هەژموونخوازانی جیهانی و دەوڵەت و نەتەوە ناوچەییەکان دژ بە کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان ڕۆژانە لە گۆڕاندایە، سیاسەتی ڕەگەزپەرەستی – ئایینی و ناسیۆنالیستی کە لەگەڵ ڕۆح و هەست و داواکاری و ئامانجی کۆمەڵگەدا ناگونجێت و نەک بۆ چالاکبوونی، بەڵکو بە ئاراستەی پاشەکشەکردن بەسەر کۆمەڵگە و زاڵبوون بەسەریدا بەتەواوی جێبەجێ دەکرێن، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران لە بواری سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیی خۆیدا ڕووبەڕووی قەیرانی زۆر بووەوە، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، شەڕی لە دەرەوەی سنوورەکانی، تێکدانی ژینگە، دۆخی ئاژاوەگێڕانەی ئابووری و بژێوی، بڵاوبوونەوەی هەژاری و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و ...هتد، بەشێک بوون لەو قەیرانانەی کە حکومەت خۆی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دروستی کردبوو.

 

هەر لە سەرەتای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هێزە سەرمایەدارەکان زۆر بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە نەبوونی گۆڕانکاری لە دەوڵەتی ئێستا دەربڕی و ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازان دەستپێشخەری کرد، کە لە نێوانیاندا ژنان و گەنجان کە چینە دینامیکییەکانی کۆمەڵگە و هێزی گۆڕانکاری، پێشەنگن، زیاتر لە جاران لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە کرانە ئامانج.

 

"ژنانی زیندانی سزای قورسیان بەسەردا سەپێندرا"

لە لایەک پرسی حیجابی زۆرەملێ و جێبەجێکردنی پلانی نور و لە هەمان کاتدا دەستگیرکردنی سەر شەقامەکان لەلایەن پۆلیسی ئەخڵاقەوە و کوشتن لە سەر ناوی شەرەف لە شارە جیاجیاکان زیاتر بوو و لە لایەکی دیکەشەوە، ژنانی ئازادیخواز لە زینداندا سزای قورسیان بەسەردا سەپێندرا، زەینەب جەلالیان تاکە زیندانی سیاسی ژنە لە ئێران کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و ماوەی ١٧ ساڵە بەبێ مۆڵەت لە زینداندایە، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی زیندانیکردندا چەندین جار تووشی ئەشکەنجەی دەروونی- جەستەیی بووە، بەڵام هیچ کات ئەشکەنجەکان لە گەیشتن بە ئامانجەکەی ڕێگرییان لێنەکرد،

 

جگە لەم سزایانە، ژنانی دیکەی زیندانیکراویش ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جۆراوجۆر دەبنەوە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، سروشتییە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران تاکتیکی لەسێدارەدانی بەمەبەستی دروستکردنی تیرۆر و ترس لەناو کۆمەڵگەدا بەکارهێنا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نیشانی بدات کە کۆتایی ئەم داستانە لەناو چوار دیوارە بەرز و پۆڵاینەکەیدا کۆتایی دێت و ئەم زیندانەش هەر لە ناوەکەیدا دیارە چییە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەتی لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زیندانییەکان نیشانیان دا کە زیندانیان کردووە قەڵای تێکۆشان،

 

ئاماری فرە ژمارەیی لەسێدارەدان و دەستگیرکردنەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ترسی ڕژێم دەردەخات نەک کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان! بەپێچەوانەوە ئەوە هەڵوێستی ڕادیکاڵی کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنانی لە زیندان کە ڕژێمی ئێرانی ترساند بەجۆرێک بۆ مانەوەی خۆی پەنای بۆ سەرکوتکردنی زیاتر برد، ئەدای زیندانیانی سیاسی ژنە پێشەنگەکان نیشانی دا کە چۆن بەرخۆدان ژیانێکی ئازاد دروست دەکات، بێگومان ئەم پاڵپشتییانە تەنیا لە زینداندا سنووردار نین و لە ناوەوە و دەرەوەی جوگرافیای سیاسی ئێران، هەڵمەتە جۆراوجۆرەکانی وەک "نا بۆ لەسێدارەدان و بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد"، ڕێپێوان و چالاکیی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێن و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر دەبن، و ئەمەش بەتەواوی بەو مانایەیە کە کۆمەڵگەی ئازادیخواز زیاتر لە جاران پێویستی بە هاودەنگی و یەکدەنگی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک.

 

بێ گومان شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ماوەی دوو ساڵدا لە بازنەی جۆراوجۆردا باس و شیکاری کرا، ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ، بە ڕوونی دەبینین ئەم شۆڕشە تا چەند کاریگەرییەکی قووڵ و جددی لەسەر کۆمەڵگە بەجێهێشت، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و عەقلیەتی و ڕۆشنبیری کە ڕۆژانی دوای ئەو شۆڕشەی جیاوازتر لە ڕۆژانی پێشوو کرد، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا گۆڕانکاریی نەگەڕاوە ئەنجامدرا، ئەمەش وایکرد خەڵک هەڵوێستێکی ڕیشەیی بگرێتەبەر، لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین، بەو پێیەی ناوەڕۆک و ئامانج و داخوازییەکانی شۆڕش "ژن، ژیان، ئازادی" ڕادیکاڵ بوون، بووە هۆی کردەوەی ڕادیکاڵ لەلایەن خەڵکەوە، بینیمان کە لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو پلانەکانی ڕژێم بۆ ئامادەبوون و بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا، لە شارە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، "نەخێرێکی چارەنووسساز و ڕادیکاڵانەی خەڵک" بە ڕوونی ناشەرعییەتی ئەو ڕژێمەی نیشاندا، ئێستا گەلی ئێران دەزانن چییان دەوێت و بۆ ئەوەی بەدەستی بهێنن باجێکی گرانبەهایان بە ناوی ژیانەوە داوە، کەواتە دەکرێ بڵێین کۆمەڵگە زۆر نزیک بووەتەوە لە ئامانجەکەی و ئەم شۆڕشە تا ئێستاش بەردەوامە، چونکە ئامانجیان دامەزراندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی مرۆڤەکان و دروستکردنی ژیانێکی ئازادە.

 

ژنان ڕاستی سیستمی سەرمایەداری و ئاینییەکانیان نیشاندا

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ژنان بە باشی نیشانیان داوە کە نە پێناسە زەقەکانی سیستەمی سەرمایەداری ڕزگارکەرن، نە پێناسە ئایینیەکانی ڕژێمی ئێران! چونکە هەردوو پێناسەکە لە وشەی پیاوسالارییەوە دروست دەبن و وێژەی ڕەگەزپەرەستانە لە مێشکی کۆمەڵگەدا دروست دەکەن، دروشمی مانادار و ناوەڕۆکی "ژن، ژیان، ئازادی" کە کوردستان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی لەخۆگرتبوو، کەوتە سەر زمانی هەمووان، چونکە دەیانزانی ئازادی کۆمەڵگە بەبێ ئازادی ژن پێکنایێت، بۆیە پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە گەورەیان گرتە ئەستۆ، لە بنەڕەتدا ئەو پێناسانەیان کە ڕژێمی ئێران دروستی کردبوو، قبوڵ نەکرد و پێناسەیەکی نوێیان بۆ خۆیان خستە ڕوو، ئێستا دەنگی ژنان لە ئێرانەوە تا هیندستان، لە کوردستانەوە بۆ هەموو جیهان دەبیسترێت، یەکگرتوویی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە و بەشداریکردن لە شۆڕشدا، واتە پشتڕاستکردنەوەی ئەو گووتەیە کە ئاستی ئازادی کۆمەڵگە پەیوەستە بە ئازادی ژنانەوە، چونکە پرسی ئازادیی ژن پرسێکی تەواو کۆمەڵایەتییە و هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە، سیستەمی سەرمایە و دەوڵەتە نەتەوەکانی ناوچەکە زۆر باش دەزانن کە بە سەرکوتکردنی هێزی ژنان دەتوانن کۆمەڵگە داگیر بکەن، لەو شوێنانەی کە ژنان تێلکۆشانیان کردووە، ئیتر قوربانیان نەداوە، بەڵکو بوونەتە پێشەنگێک کە دوور لە پێوەرە پیاوسالارییەکان توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەن هەیە، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی سیستەمی پیاوسالارییە، کەواتە لە یەک ڕستەدا دەتوانین بڵێین سیاسەتەکانی دژە ژن بەردەوامی هەیە، خەبات و چالاکیی ژنانیش بە هێزێکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت.

 

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار وێڕای ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، دوو ساڵ تێکۆشان و چالاکی بەردەوامی گەل و بەتایبەتی ژنان و لەهەمان کاتدا وەستانەوە لە بەرمبەر سیاسەتەکانی سەرکوتکردنی ڕژێمی ئێران لە دژی کۆمەڵگە بەرز ڕادەگرێت، کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هەوڵیان داوە ببنە دەنگی ژنانی ئازادیخواز لە ئێران، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئێران هەنگاویان بۆ ڕێخستنکردن و یەکگرتنی ژنانی تێکۆشەریان داوە و لەمەودوا بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئازادی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە و ژنان چالاکییەکانی فراوانتر دەکات، لەم ڕووەوە دەمانەوێت هەموو ژنە تێکۆشەرەکان و کۆمەڵگەی ئازادیخواز، چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لە دووەمین ساڵیادی ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە گەورەیەدا، لە مەیدانەکەدا زیاتر یەکدەنگ بن، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەو سیاسەتانەی دژە ژنی ڕژێـمی ئێران بهێنین.