"ژینا ئەمینی بوو بە کابوسێک بۆ سیستمی دەسەڵاتداری ئێران"

لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکانی ئێراندا، کورد، عەرەب و سریانییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ڕاپەڕینی ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دروست بوو، گۆڕاوە بۆ شۆڕشی سەدە و نیشانەی خۆی لە مێژوو داناوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵێکدا چەندین خۆپیشاندان ئەنجام دراوە و تا ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە، چروسکی ئەو ڕاپەڕینانەی کە بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، بوو بە ڕاپەڕینی گەل، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئێران ژینا ئەمینی کەلە سەقزەوە چووبووە تاران، بەهۆی بڕیاری توندی دەسەڵاتەوە کوشت، لەو ڕۆژەوە گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە ڕاپەڕین کردووە و هێشتا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامن.

 

کورد، عەرەب و سریانییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند کە پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکە دەکەن و دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی ئەوان.

 

"بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی جیهان هەژا"

هەڵەبجە عەبدۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە حەسەکە پیرۆزبایی لە ڕاپەڕینی ئێران کرد و وتی: چەندین ژنی ئازای وەک زیلان، سارا، بێریتان، بەسێ و هەزاران ژن هەن کە ئەمڕۆ لە چیاکانی کوردستان لە هێڵەکانی پێشەوە بەرخۆدان دەکەن، ژنانی وەک سارا تۆلهەلدان و ڕوکەن زیلان بە ڕووناکی دڵیان ژن، ژیان، ئازادییان گەیاند بە بەرزترین لوتکە، ژیانی ئەمینی بوو بە کابوسێک بۆ سیستمی هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئێران، لەگەڵ هاواری خۆیدا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، یەکێتی ژنان لە جیهاندا و ڕاپەرین دژی ستەم و چەوسانەوە لە زۆربەی وڵاتان دروست بوو، ئێمە وەک بزووتنەوەی ژنان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ئێران دەکەین و باوەڕمان وایە کە ڕاپەڕینەکانی ژنان سەرکەوتوو دەبن.

 

"ئەو ڕاپەڕینەی کە ژنان تیایدا پێشەنگن سەرکەوتوو دەبن"

شام قیریۆ، سەرۆکی یەکێتی ژنانی سووریا لە حەسەکە، جەختلەوەکردەوە پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی ژنان دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو ڕاپەڕینەی لە ئێران ڕوویدا ئەنجامی سەرکەوتنی ژنان و پێشەنگایەتییانە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا، ژنان لەم شۆڕشەدا خۆیان سەلماند و بە هێز و ئیرادەی خۆیان کاریگەرییان لەسەر هەموو ژنانی جیهان کرد، شۆڕشی ئێران لە دژی کۆیلایەتی ڕوویدا ئەم جۆرە زهنیەتە ڕێگری لە ژنان دەکات لە ئێران.

 

"ئێمە هێز و ئیرادەمان لە ژنانی کورد وەرگرتووە"

جەمیلە حەسەن، ئەندامی کۆنگرەی ستاری پێکهاتەی عەرەب ڕایگەیاند ژنانی کورد هێمای ئازادی هەموو ژنانە و وتی: ئێمەی ژنانی عەرەب هێزی خۆمان لە ژنانی کورد وەرگرتووە، ئیرادەی خۆمان لە کەسایەتی ژنانی کورد زیندوو کردەوە و کارمان بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانمان کردووە، وەک ژنانی عەرەبی پشتیوانی لە ڕاپەڕین لە ئێران دەکەین، ئەم سەدەیە سەدەی ئازادیی ژنانە، بۆ ئەوەی بە ئازادی نیشانەی خۆمان لە مێژوو دابنێین، پێویستە خۆمان لەژێر فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی قووڵ بکەینەوە و خاوەنداری لێبکەین.

 

"بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد، ژن، ژیان، ئازادی بوو بە دروشمی جیهانی"

هەدیە شەمۆ، لە کۆردیناسیۆنی یەکێتی ژنانی ئێزیدی ڕۆژئاوا، ئاماژەی بەوەکرد، هێزە دەسەڵاتدارەکان بە کەسایەتی جینا ئەمینی دەیانویست ژنانی کورد لەناو ببەن وتیشی: فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو هێزە مرۆڤکوژانە، ئەمڕۆ هەموو ژنانی جیهان لەژێر ئەم دروشمەدا خۆیان پەروەردە دەکەن و ڕێکدەخەن، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت "ئەو کۆمەڵگەیەی کە ژنان تێیدا ئازاد نین ئەو کۆمەڵگەیە ئازاد نییە، ئەو شۆڕشەی کە ژنان تێیدا بەشداری ناکەن، ئەو شۆڕشە سەرکەوتوو نابێت"، ئەمڕۆ دەبینین کە ژنان پێشەنگی بنیادنانی ژیانێکی ئازادن و خەبات بۆ تەواوی کۆمەڵگە دەکەن، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ژنان بە یەکگرتوویی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بنیاد دەنێن، ژنان بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد دروشمی ژن، ژیان، ئازادیان کرد بە دروشمی جیهانی.

 

هەدیە شەمۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمڕۆ سیستم و پلانێکی قڕکردن لە دژی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ دەکرێت، جا ژنانی ئێزیدی، کورد، عەرەب، سریانی یان ئەرمەنی بن، هەمووان بینییان کە چۆن فەرمانەکەیان لەسەر ژنانی ئێزیدی کردو ویستیان بیانکوژن، بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی ئەم پلانانە بدەینەوە، پێویستە یەکگرتووییمان بەهێزتر بکەین.