بە کۆنفرانسێک باس لە ئاستەنگیەکانی بەردەم گەنجان کرا

سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕ لەسەر ئاستی پارێزگای جەزیرە بەڕێوەچوو، تیایدا ڕێگەچارەسەری بۆ کێشەکانی گەنجان و چەند پرسێکی گرنگ خرایەڕوو.

حەسەکە-

 

ئەمڕۆ ٢٥ی شوبات لەژێر دروشمی “لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی گەنجان، خۆتان ڕێکبخەن و فەرماندە ئاپۆ ئازاد بکەن” بە ئامادەبوونی هەزار ئەندامی ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای جەزیرە، بە ئامانجی تاوتوێکردنی سەختی و گرفتەکانی بەردەم گەنجان لە قەزای جەزیرە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داواکردنی ئازادی جەستەیی، سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕ لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو.

 

"پاراستنی کۆمەڵگە ئەرکی گەنجانە"

 

لە کۆنفرانسەکەدا، میدیا عەبدولڕەحمان هاوسەرۆکی بزووتنەوەی لاوان، ئاماژەی بەوەکرد، کۆنفرانسەکە دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پیلانگێڕی و دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی کۆنفرانسەوە بارودۆخی گەنج تاوتوێ کرا و پلانی ئایندە بۆ قۆناغی داهاتوو دانرا، وتیشی: ئامانجمان لە بەستنی کۆنفرانسەکە گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە و پلان دابڕێژین بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگەکان، لە ڕێگەی پلان و چالاکییەکانمانەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی لە هەڵەکانی پێشوو دووبارە نەکەینەوە.

 

میدیا عەبدولڕەحمان ڕوونیشیکردەوە، لەڕێگەی کۆنفرانسەوە لیژنەی تایبەت بە لاوان و ئەنجوومەنی تایبەت بە لاوان پێکدەهێنرێت و چالاک دەکرێت، وتەبێژی سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای جەزیرە دادەمەزرێنرێت، هەروەها کادری هەرێمیش پێکدەهێنرێت بۆ کارکردن لەسەر بڕیار و پلانەکانی پارێزگای جەزیرە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، پاراستنی کۆمەڵگا و بەرگریکردن لە خاک و ڕێکخستنی چالاکییەکان لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر ڕێبەری گەلکورد عەبدوڵا ئۆجەلاندا سەپێنراوە، ڕێڕەوی تێکۆشان بۆ ڕزگاری فیزیکییەکەی بەرزبکەنەوە و کۆمەڵگا لە ڕاستییەکان ئاگاداربکەنەوە، داوا لە ئەندامانی ژن و پیاوی بزووتنەوەی گەنجان دەکات، شوێن ڕاستییەکان بکەون، فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ژیان پەیڕەو بکەن.

 

"گەنجان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە"

 

لەیلا حسێن ئەندامی ژنانی گەنج، ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی کۆنفرانسەکە کۆکردنەوەی ئەندامانی بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕە و بەدواداچوونە بۆ بیروڕای ئەوان بەمەبەستی داڕشتنی پلانی کرداری، دروستکردنی پڕۆژەی داهاتوو، گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کێشە و سەختییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

باسی لەوەکرد، گەنجان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، دەڵێت: گەنجان بەرکەوتەی مەترسی زۆر دەبن لە ئەنجامی هێرشەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا، لەوانە ئاوارەبوون و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەو مەبەستەی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا لاواز بکەن.

 

لەیلا حسێن، لە کۆتایدا، داوای لە گەنجان کرد خۆیان ڕێکبخەن و نەکەونە ژێر کاریگەری دەوڵەتی تورکیاوە، جەختیشی لەوە کردەوە، گەنجان بە پەیڕەوکردنی ڕێباز و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەموو ئەو دەرئەنجام و سەختییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە تێیدەپەڕێنن.